ئەحمەد حاجی ڕەشید: کازمی بێ ڕەزامەندیی وەزیری دارایی و بە سەڵاحیەتی خۆی 200 ملیارەکە بۆ هەرێم ڕەوانە دەکات/ موخابەراتی عەراقی ئاگاداری کردمەوە کە هەوڵی ژەهرخواردکردنم دراوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردپرێسی گوت ناردنی 200 ملیارەکە لە بەغداوە بۆ هەرێم لە ناو چوارچێوەی قانوونی مەوازەنەدا ڕێگەپێدراو نیە و وەزیری دارایی عێراقیش پێی ڕازی نیە بەڵام کازمی بە سەڵاحیەتی خۆی دەینرێت. لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەشدا دەڵێت هەوڵی ژەهرخواردکردنی دراوە و موخابەراتی عەراقی ئاگاداری کردۆتەوە.

کوردپرێس:

ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی ناردنی 200 ملیارەکەی بەغدا و بەردەوام بوونی ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی گوت: لە خۆیدا بە گوێرەی قانوون تا ئەو کاتەی هەرێم بە ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر پابەند نەبێت نابێ بەغدا هیچ بڕە پارەیێک بنێرێت بەڵام لە کاتی موناقەشەکردنی قانوونی بودجە ڕێککەوتنێک کرابوو لە سەر ئەوەی کورد ڕازی بن لە سەر تێپەڕاندنی بودجە چوونکە کۆمەڵێک قەزیەی تێدایە بۆیە کازمی لە بەرامبەردا بە سەڵاحیەتی خۆی مانگانە 200 ملیار ڕەوانە دەکات ئەوەش لە کاتێکدایە کە وەزیری دارایی ڕازی نیە بە ناردنی ئەو پارەیە و لە ناو چوارچێوەی قانوونی مەوازەنەشدا ڕێگەپێدراو نیە. بەڵام بە بڕیاری کازمی و ڕاستەوخۆ لە بانکی مەرکەزییەوە دەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەحمەد حاجی ڕەشید ڕەخنەی لە بەرتەسک بوونی کەشی کارکردن لە هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت: "هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان قۆرخکارن و ڕێگە نادەن هیچ کەسێک جگە لە خۆیان نوێنەرایەتیی خەڵکی کورد بکات بۆ ئەوەی تەواوی ئەو مامەڵە سیاسییانەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات لە چوارچێوەی بڕیاری ئەو هێزە سیاسییە باڵادەستانەدا بێت بۆیە فشار دەهێنن بۆ ئەو هێزانەی لە دەرەوەی ئەوان مامەڵە دەکات و فشاریان بۆ ئێمەش هێنابوو تا گەیشتە ئەوەی کە دکتور محەمەد غالب ئەندام پەرلەمانی عێراق خەڵتانی خوێن کرا و کۆمەڵێک محاولاتی دیکەشمان بۆ کرا بۆ نموونە مخابەراتی عەراقی پێی وتین کە دەرمانخوارد کراوین بەڵام بەڵگەی ڕوون لە سەر بابەتەکە نیە بۆیە پەنامان بۆ دادگا نەبردووە.

نوێنەری پەرلەمانی عێراق لە پشکی کۆمەڵی دادگەری لەبارەی بانگەشەی یەکڕیزیی کورد لە بەغدا و یەکدەنگ بوونیان لە هەڵبژاردنەکان بە کوردپرێسی گوت: "هێزە دەسەڵاتدارەکان کاتێک باسی یەکڕیزیی کورد لە بەغدا دەکەن بۆ ئەوە نیە مافی کورد دەستەبەر بکەن بەڵکوو بۆ ئەوەیە پۆستە باڵاکانی حکوومەتی فیدراڵ بەدەست بهێنن و بۆ مەبەستی دیکەیە وەک پەردەپۆش کردنی پاشەکەوتی مووچە کە خەڵک 23 مووچەی لای حکوومەتە. بۆیە من قەناعەتم بە یەکڕیزی نیە. کاتێک قەناعەتم بە یەکڕیزی هەیە، ئەوەی لە بەغدا باسی دەکەن با لە هەرێمی کوردستان بیکەن و داکۆکیی لێبکەن. ئەوەی کە باس لە سیستەمی پەرلەمانی لەبەغدا دەکەن با لە هەرێمی کوردستان بیکەن. سەرۆکی حکوومەت لە هەرێم ئامادە نیە بێتە پەرلەمان و وەڵامی پەرلەمانتاران بداتەوە. بۆیە مەسەلەی یەکڕیزی کاڵایێکە کڕیاری کەمە لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم یەکڕیزییان ناشرین کردووە. ئەوەندەی یەکڕیزی بەکارهێنراوە بۆ دروست کردنی جیاوازی لەناو پێکهاتەکانی عێراق ئەوەندە نەبۆتە عامیلێکی هێز لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیدا.

ناوبراو لەبارەی پێگەی کورد پاش هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بە کوردپرێسی گوت: ئێستا زووە باس لەو پێگەیە بکرێت و ئەو بابەتە بەستراوە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. ئەگەر ئەو هێزانەی مروونەیان زیاترە بۆ هەرێمی کوردستان دەنگی زۆرینە بهێنن بۆ هەرێمیش باشتر دەبێت بەڵام ئەگەر ئەو هێزانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکۆکن و ناتەبان ئەوا کورد دوچاری کێشە دەبێت.

چوار پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئایندە لە پەرلەمانی کوردستان لە سەردانەکەی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ هەولێر لە نامەیێکدا داوایان لە مەکرۆن کردبوو ئازادیی ڕژنامەگەری و ڕادەربڕین بکەنە پێشمەرج بۆ پشتگیری کردنی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان. پێوەندیی مێژووییی هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا پێوەندییێکی مێژوویییە و دەسەڵاتی کوردی لە هەولێر ئێستا زیاتر ڕووی کردۆتەوە ئەورووپا و بەتایبەت فەڕەنسا.

ئەحمەد حاجی ڕەشید لەبارەی پێوەندیی مێژووییی هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا و هەروەها مەبەستیان لە ئەو نامەیەی بە سەرۆکی فەڕەنسایان داوە بە کوردپرێسی گوت: هەر لە ساڵی 1991ەوە واتا لە سەردەمی خاتوو میترانەوە فەڕنسا پێوەندیی زۆر پێشڕەفتەی هەبووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان. لەئێستادا کۆمەڵێک بابەت هەیە لە سەر ئەو سەردانەی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. یەکیان بەسەرکردنەوەی دەستبەکاربوونی فڕۆکەخانەی مووسڵ بوو کە فەڕەنسا بە قەرز بۆ عێراقی جێبەجێ دەکات. تەوەرێکی دیکەی سەردانەکەی سەرۆکی فەڕەنسا ئەوە بوو پەرە بەو پێوەندییانە بدات کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیەتی. چوونکە فەڕەنسا ئەو دەروازە بوو کە دوای ڕیفراندۆم و ئەو کاتەی هەموو دەرگاکان لە هەرێمی کوردستان داخرا فەڕەنسا توانیی دیسان پێوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بژیەنێتەوە. بۆیە شتێکی چاوەڕوان کراو بوو کە سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. ئێمە ئەو چوار پەرلەمانتارە بە دەرفەتمان زانی و ئەو نامەیەمان ئاراستە کرد. پێشتر لەگەڵ سەفیری فەڕەنسا قسەمان کردوو. چوونکە ئێمە لە سەرەتای دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسانەوە داومانە لە هەموو دەرگاکان و لێدان لە دەرگای سەرۆکی فەڕەنساش یەک لەو لێدانانە بوو. چوونکە خودی بەندەش یەکێک لەو کەسانە بووم کە ئیرادەیێک هەبوو لەو کەیسەم بگلێنێت. چوون یەک لەو پرسیارانەی کە لە شیروان شیروانی ڕۆژنامەنووسی دەستگیرکراو کرابوو ئەوە بوو کە ئایا ئێوە پێوەندیتان چۆنە لەگەڵ ئەحمەدی حاجی ڕەشید.

News Code 3366

Your Comment

You are replying to: .
captcha