مانەوەمان  بە ئامادەبوونی ئەمریکا لە سووریا نەبەسراوەتەوە

بەشی سووریا- نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت: جەخت کردنی فەرماندەی سێنتکام لەکاتی کۆبوونەوە لەگەڵ ژەنراڵ کۆبانیدا بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کوردستانی سووریا، شتێک لە ئیرادەی ئێمە بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانمان کەم ناکاتەوە و ئێمە بوونی خۆمان بە ئامادەبوونی ئەمریکا نەبەستووەتەوە.

هۆشەنگ دەروێش نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کوردپرێسدا کە هەڵسانگاندنی ئێوە بۆ کۆبوونەوەی ئەمدواییەی ژەنراڵ مەککینزی فەرماندەی هێزە ناوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ژەنراڵ مەزڵووم کۆبانێ و جەخت کردنی مەککینزی لەسەر مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کوردستانی سووریا، چییە؟ ڕایگەیاند: ئەم سەردانە بابەتێکی نوێ نییە و بەرپرسانی ئەمریکی چەندین جار سەردانی کوردستانی سووریایان کردووە و هەموو جارێک جەختیان لەوە کردۆتەوە کە بەنیازی ئەوە نین کە لە کوردستانی سووریا بکشێنەوە.

ناوبراو درێژەی دا: ئەمریکییەکان بەم وتانەوە دەیانەوێت بڵێن ئەو ڕووداوەی لە ئەفغانستان ڕوویدا چیدی دووپات ناکرێتەوە، بەڵام ئێمە دەزانین کاتێک بڕیارێکی سیاسی دەدرێت خێرا جێبەجێ دەبێت و ئەمەشمان بە چاوی خۆمان لە سەرێکانی و گرێسپی بینی.

هۆشەنگ دەروێش وەبیری هێنایەوە: دەبێت بزانین هەموو حکوومەتێک بەپێی بەرژەوەندی نیشتمانیی خۆی هەڵسوکەوت دەکات و هەر هەڵمەتێکی سیاسی و سەربازیش لەو چوارچێوەیەدا دادەنێت.

نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستانی عێراق وتیشی: کاتێک شۆڕشی خەڵکی کوردستانی سووریا دەستی پێکرد تاکوو ئەمڕۆ ئێمە بوونی خۆمان نەبەستووە بە ئامادەبوونی ئەمریکا و ڕووسیا و هیچ هێزێکی دیکەوە و هەر لەسەرەتاوە پشتمان بە گەلەکەمانەوە گەرمە.

News Code 3388

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha