بەهۆی تەقینەوەی بۆمبی چێندراو دوو هێزی پێشمەرگە گیانیان لەدەست دا
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە گوندى کانى تۆزی سەر بە شارۆچکەی دینارتە چەند تی ئێن تییێک بە کاروانێکى پێشمەرگەدا دەتەقنەوە و لە ئەنجامدا دوو پێشمەرگە گیانیان لەدەست دا و چەند پێشمەرگەیەکیش بریندار بوون.

 بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شەعبان بەروارى بەڕێوەبەرى ناحیەى دینارتە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێمەش ئاگادارین کە دوو تەقینەوە لە سەر رێگای کانى تۆز- نەقەبێ روویداوە، 100% ئەوە پەکەکە ئەنجامیداوە، بەڵام هێشتا بە دروستى نازانین زیانەکان چین.

 سەرچاوەیێکى ئاگادار لە شارۆچکەی دینارتە رایگەیاند:  کەمێک پێش ئێستا لە رێگاى نێوان کانى تۆز- نەقەبێدا کاروانێکى پێشمەرگە تووشى دوو تەقینەووە بوون، دواتر دەنگى تەقەش هاتووە، لە ئەنجامدا دوو پێشمەرگە گیانیان سپارد و چەند پێشمەرگەش برینداربوون.

دەربارەى ناسنامەی ئەو پێشمەرگانە، سەرچاوەکە کە نەیویست ناوى بڵاو بکرێتەوە رایگەیاند، ئەو پێشمەرگانە پێشمەرگەی روژى کوردستانی سووریان.

هەروەها پەیجی دژەتیرۆری کوردستان لە فەیسبووک نووسیویەتی: لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا دوو پێشمەرگە گیانیان لەدەست داوە

دەربارەى رەوشى ئەمنى ناوچەکە، بەڕێوەبەرى ناحیەى دینارتە رایگەیاند جارجار دەنگى تەقە لەو شوێنە هەبووە، بەڵام رەوشەکە لە کۆنترۆڵدایە و سەرجەم هێزەکانى ئەمنى و پێشمەرگە لەناوچەکە لە ئامادەباشى دان.