نێچیرڤان بارزانی: هه‌رێمى کوردستان فاکته‌رى سه‌قامگيرى ده‌مێنێته‌وه و ئاماده‌يه‌ کێشه‌کانى له‌گه‌ڵ بەغدا چاره‌سه‌ر بکات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە هه‌رێمى کوردستان فاکته‌رى سه‌قامگيرى ده‌مێنێته‌وه و ئاماده‌يه‌ کێشه‌کانى له‌گه‌ڵ بەغدا بە دیالۆگ چاره‌سه‌ر بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ شاندێکى ياوه‌رى له‌ له‌نده‌ن له‌ ئێواره‌خوانێکدا له‌گه‌ڵ گرووپى په‌رله‌مانتارانى به‌ريتانيا بۆ دۆستايه‌تيى هەرێمی کوردستان کوردستان کۆبووه‌وه‌.

له‌ گفتوگۆيێکى کراوه‌دا نێچيرڤان بارزانى، پوخته‌يێکى ده‌رباره‌ى دۆخ و پێشهاته‌کانى ئێستاى هه‌رێمى کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌ پێشکه‌ش کرد و ديد و بۆچوونى خۆى و هه‌رێمى کوردستانى بۆ چۆنيه‌تيى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان و هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌کان له‌پێناو پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌که‌دا خسته‌ ڕوو.

بارزانی دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان وه‌ک هه‌ميشه‌ به‌ فاکته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌مێنێته‌وه و ئاماده‌يه‌ هه‌موو کێشه‌کانى له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى فيدرالى عێراق به‌ ديالۆگ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بکات، هه‌روه‌ها سوپاسى پشتگيريى گرووپى په‌رله‌مانتارانى به‌ريتانياى بۆ دۆستايه‌تيى کوردستان و حکوومه‌تى به‌ريتانياى بۆ هه‌رێمى کوردستان کرد.

لاى خۆيانه‌وه‌ گرووپى په‌رله‌مانتارانى به‌ريتانيا بۆ دۆستايه‌تيى کوردستان، وێڕاى ده‌ربڕينى خۆشحاڵييان به‌ په‌يوه‌ندييه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ به‌ريتانيا، به‌رده‌واميى هه‌وڵدان و کارکردن و پشتگيريى خۆيان بۆ هه‌رێمى کوردستان و ده‌سته‌به‌رکردن و پاراستنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌کانى دووپات کرده‌وه‌ و هيواى سه‌رکه‌وتنيان بۆ خواست.

دۆخ و پێشهاته‌کانى ناوچه‌که‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێکى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێکى ديکه‌ى گفتوگۆى سه‌رۆک نێچيرڤان بارزانى و شاندى ياوه‌رى له‌گه‌ڵ گرووپى په‌رله‌مانتارانى به‌ريتانيا بۆ دۆستايه‌تيى کوردستان بوو.