سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا کۆبووه‌وه‌
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌ له‌نده‌ن له‌گه‌ڵ ليز ترووس وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا کۆ بووه‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ لیز ترووس کرد که‌ دوێنێ وه‌ک وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌که‌ى ده‌ستبه‌کار بوو و هيواى سه‌رکه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها خواستى هه‌رێمى کوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌کان و فراوانکردنى بواره‌کانى هاريکارى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ به‌ريتانيا دووپات کرده‌وه.

لاى خۆيه‌وه‌ لیز ترووس خۆشحاڵيى خۆى به‌ پێشوازي کردنى نێچيرڤان بارزانى له‌ له‌نده‌ن ده‌ربڕى و دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ به‌ريتانيا پابه‌نده‌ و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پشتگيري کردنى عيراق و هه‌رێمى کوردستان و له‌ کارکردن له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌کانيان له‌ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا، ‌هه‌روه‌ها هيواى خواست هاريکارى و هاوبه‌شيى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى کوردستان له‌ هه‌موو بواره‌کاندا به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانيدا فراوان بکرێت.

بارزانى سوپاسى به‌ريتانياى کرد بۆ پشتگيرى له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا، هه‌روه‌ها بۆ هاوکارى و يارمه‌تيى‌ مرۆيى که‌ پێشکه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌رانى کردووه‌، پوخته‌يه‌کيشى ده‌رباره‌ى هه‌نگاوه‌کانى يه‌کخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ به‌ پشتگيرى و هاوکاريى به‌ريتانيا و وڵاتانى ديکه‌ى دۆست، پێشکه‌ش کرد.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا هۆکاره‌کانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش و مه‌ترسييه‌کانى، هه‌ڵبژاردنه‌کان و پێشبينيى پرۆسه‌ى سياسى و داهاتووى عيراق، په‌يوه‌ندييه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێکهاته‌کان له‌ عيراق و هه‌رێمى کوردستان، پێشهاته‌کانى ناوچه‌که‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێکى ديکه‌ى جيى بايه‌خى هه‌ردوولا، تاوتوێ کران و هاوڕا بوون که‌ سه‌قامگيريى عێراق بۆ ناوچه‌که‌ و جيهانيش گرنگه‌.