لە کەرکووک پێشمەرگە و سوپای عێراق سەنگەری هاوبەش دادەمەزرێنن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فەرماندەیێکی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لە کەرکووک پێشمەرگە و سوپای عێراق سەنگەری هاوبەش دادەمەزرێنن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندێکی فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە لە هەردوو لیوای 1 و 2ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ناوچانەیان بەسەرکردەوە کە سەنگەری هاوبەشی لێ دادەمەزرێنن. فەرماندەی لیوای 2ش دەڵێت، هێزە هاوبەشەکە 50%ی لە سوپاسی عێراق و ئەوی دیکەشی لە پێشمەرگە پێکدێت.

عەمید شوان شەمێرانی، فەرماندەی لیوای 2 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئامانج لە بەسەرکردنەوە مەیدانییەکە، دیاری کردنی ئەو بۆشاییانەیە کە پێویستیان بە دانانی سەنگەری هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانە".

فەرماندەی لیوای 2 ئاماژەی بەوەش کرد، "لە تەواوی ناوچەکانی ماددەی 140 لە خانەقینەوە تاوەکوو شنگال، سەنگەری هاوبەش لێدەدرێت، کە ئامانج لێی پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکانە".

بە گوتەی عەمید شوان، "هێزە هاوبەشەکە لە هێزە عێراقییەکان و بە دیاریکراوی سوپای عێراق 50% و هێزەکانی پێشمەرگە لە 50% دەبێت".