جۆنسن و بارزانی جەخت لەسەر زیاتر بەهێز کردنی پەیوەندییەکان، بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان دەکەن
بەشی جیهان- نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا لە بارەی کۆبوونەوەکەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەڵێت هەردوولا رێککەوتن لەسەر زیاتر بەهێز کردنی پەیوەندییەکان، بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بۆریس جۆنسن و نێچیرڤان بارزانی هاوڕابوون لەسەر بەهێز کردنی پەیوەندییەکانی شانشینی یەکگرتوو لەگەڵ هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق و ئاماژە بەوەش کراوە، پەیوەندییەکان قووڵ و مێژوویین و هەردوو سەرکردەش سووربوونی خۆیان بۆ پەرەدان پێیان دووپات کردەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەک بازرگانی و وەبەرهێنان.

هەروەها دەشڵێت، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان "دۆخی ئێستای ئەفغانستانیان تاوتوێ کرد و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی رێگەگرتن لە دروست بوونی هەڕەشەی تیرۆرستی لەو وڵاتەوە کردەوە."

بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ژمارەیێک پرسی دیکەی هەرێمی لە لایەن بۆریس جۆنسن و نێچیرڤان بارزانییەوە لە کۆبوونەوەکەیاندا تاوتوێ کراون.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، "سەرۆکوەزیران پێشوازیی لەو هەنگاوانە کرد کە عێراق گرتوونەتیەبەر بۆ کەم کردنەوەی دەردانی کاربۆن و پاڵپشتی شانشینی یەکگرتوویشی بۆ ئەو هەوڵانە نیشاندا لە کاتێکدا کە بەرەو 26ـەمین لووتکەی کەشووهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان دەڕۆین".