بکوژی بەرپرسە باڵاکەی پەکەکە لە سلێمانی دەستگیر کرا
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ژووری ئۆپە‌راسیۆنی ھاوبە‌شی پارێزگای سلێمانی راگەیەندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی بکوژی بەرپرسەکەی پەکەکە بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ژووری ئۆپە‌راسیۆنە ھاوبە‌شەکانی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش پێکهێنرا لە دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئاژانسى پاراستن و زانیارى - زانیارى، بە‌ڕێوبە‌رایە‌تی ئاسایشی پارێزگاى سلێمانی، بە‌ڕێوبە‌رایە‌تی گشتى دژه تیرۆر و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، بەمەبەستی لێکۆڵینە‌وە‌ و گەڕان بەدوای تۆمەتبارانی دوو کردەوەکەی دوو رۆژی رابردوو".

ئاماژەی بەوەش کردووە، پاش چڕکردنە‌وە‌ی ھە‌وڵە‌کان، توانرا لەماوەی کەمتر له 24 کاتژمێردا پیلانە‌کە‌ ئاشکرا بکرێت و تاوانباری سە‌رە‌کی ئەو دو کردەوەیە دەستگیر بکرێت دوو کردەوەکەش، یەکە‌میان رۆژی 16ی ئەیلوول روویدا و تێیدا کە‌سێک برینداربوو، دووە‌میان رۆژی 17ی ئەیلول روویدا و تێیدا کە‌سێک تیرۆر کرا.

لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، "تۆمەتبارە‌کە‌ راپێچی دادگا کراوە تاوە‌کوو سزای یاسایی خۆی وەربگرێت، لێرە‌وە‌ بەهەموو لایێکی رادەگەیەنین کە سلێمانی شاری ئارامییە بۆ هەمووان بێ جیاوازی و ئاسایش و ئارامی شار و ھاوڵاتییانیش پارێزراوە".