مەسروور بارزانی و نێردەی یەکێتیی ئەورووپا پرسی چاودێری کردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقیان تاوتوێ کرد
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی نێردەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ چاودێری کردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبوەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە 18ی ئەیلولی 2021 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن سەرۆکی نێردەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ چاودێری کردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

ئەوەش هاتووە، لە دیدارەکەدا، سەرۆکی نێردەی یەکێتیی ئەورووپا، کورتەیێکی دەربارەی کار و چالاکیی و ئەرکەکانی نێردەکە خستەڕوو کە ئامانجیان چاودێری کردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، جەختیشی کردەوە کە ئەرکی ئەوان، تەنیا چاودێری کردنە و دەستوەردان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان ناکەن.

لەراگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، سەرۆکی حکوومەت وێڕای نرخاندنی ڕۆڵی گرنگیی یەکێتیی ئەورووپا لە چاودێری کردنی هەڵبژاردن، هيواشی خواست، پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئارام و دادپەروەرانە و دور لە ساختەکاری و توندوتیژی بەڕێوە بچێت، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم . لەم بوارەشدا ئامادەیی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییێکی پێویست، لە گەڵ نێردەی یەکێتيی ئەورووپا دەربڕی.