بکوژەکەی یاسین بولوت دەستگیر نەکراوە
بەشی تورکیا- میدیاکانی سەربە  PKK ڕایدەگەیێنن کە بکوژەکەی "یاسین بولوت" ناسراو بە شوکری سەرحەد ئەندامی باڵای ئەو حیزبە لەلایەن دژە تیرۆری یەکێتییەوە دەستگیر نەکراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش ئەوەی ڕۆژی شەممە، 18ی ئەیلولی 2021، ژووری ئۆپە‌راسیۆنێكی ھاوبە‌ش لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاند و وتی، ئەو کەسە تۆمەتباری سەرەکی هەردوو کردەی تیرۆرکردنی دوو کادیری باڵای پەکەکە بووە لە سلێمانی؛ میدیای فەرمیی پەکەکە زانیارییەکانی ژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی پارێزگای سلێمانی ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: "بکوژانی شوکری سەرحەد دەستگیر نەکراون.

ماڵپەڕی "ڕۆژنیوز"ی فەرمی پارتی کرێکارانی کوردستان دەڵێت: هەرچەند ئەو دەزگایانە وێنەی کەسیکیان بڵاو کردووەتەوە کە گوایە ئەو کەسە هەردوو هێرشەکەی ئەنجام داوە، "بەڵام بەپێی هەندێک زانیاریی و سەرچاوە، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، هێرشکار تەنیا کەسێک نییە و ژمارەیێک کەسن و بە پیلان ئەو کارەیان کردووە".

میدیاکەی پەکەکە دەشڵێت، "ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر شوکری سەرحەد، چوار کەسن و یەکێکیان تەقەی کردووە، ئەوانی دیکەشە لەو دەوروبەرە بوون و دوای هێرشەکە، بە ئۆتۆمبێلیلکی جۆری پیکاپ- تۆیتا، هەڵهاتوون".