نزیكه‌ی 5 هه‌زار كه‌س چاودێری پڕۆسەی هه‌ڵبژاردنی عێراق ده‌كه‌ن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی بەشی یاسایی له‌ دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەڵێت نزیکەی پێنج هەزار کەس بۆ چاودێری کردنی پرۆسەی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی عێراق دەستنیشان کراون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوار محه‌مه‌د، بەرپرسی بەشی یاسایی له‌ دەزگای هەڵبژاردنی پارتی جگە لە رۆڵی چاودێران ئاماژە بە گرنگی سیستەمی ئەمجارەی هەڵبژاردن دەکات و دەڵێت سیسته‌می ئه‌مجاره‌ دەرفەتێکی ئەوتۆی بۆ ساختەکاری نە‌‌هێشتوەتەوە.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانیش بۆ دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌و ناوچانه‌ و ئه‌گه‌ره‌كانی ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری له‌ پرۆسه‌كه‌، هۆگر چەتۆ، شارەزای هەڵبژاردن جه‌ختی كرده‌وه‌ چاودێری کردنی پرۆسەکە له‌و ناوچانه‌ پێویستی بە وریایی زیاتر هەیە.

هەموو هەوڵێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئەوەیە، ئەمجارە رێگری تەواو لە ساختەکاری بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش میکانیزم و سیستەمێکی نوێی هەڵبژاردن پەیڕەو دەکات، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش لە نزیکەوە چاودێری بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەکەن.