هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمان لە کەرکووک جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی پێشوو/ پارتی پشت لە قەزیەی کەرکووک ناکات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کادیرێکی پێشکەوتووی لاوانی پارتی دیموکراتی کوردستان دۆخی هەڵبژاردن لە کەرکووک بۆ کوردپرێس باس دەکات و دەشڵێت پارتی پشتی لە قەزیەی کەرکووک نەکردووە و هیوادارە ڕۆژێک لە ڕۆژان مادەی 140ی دەستوور جێبەجێ بکرێت.

کوردپرێس:

سەلمان قادر کارگێڕی باڵای کەرکووک لە ڕێکخراوی لاوانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دۆخی هەڵبژاردن لە کەرکووک و چالاکییەکانی پارتی لەو شارە بە کوردپرێسی گوت: هەڵبژاردن لە کەرکووک ئێستا جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر. چوونکە لە هەڵبژاردنی ئەم خولەدا لەبارەی بەڕێوەبردنی کەرکووک سیراعێکی ناوخۆیی زۆر هەیە لە لایەن پێکهاتەکانی دانیشتووی نێو کەرکووک کە پێکهاتوون لە کورد و عەرەب و تورکمان. وەک ئاشکرایە لە دوای 16ی ئەکتەوبرەوە کورد لە کەرکووک دەسەڵاتی نەماوە بۆیە ئێستا ئەم هەڵبژاردنە ئومێدێکی بەخشیوە بە کوردەکانی شاری کەرکووک بەتایبەتی کە لەم خولەدا پارتییش گەڕاوەتەوە و لە کەرکووک بەشداریی هەڵبژاردنەکانی کردووە. پارتی لەم هەڵبژاردنەدا لە کەرکووک تەنها دوو کاندیدی دیاری کردووە. هەڵبژاردنی ئەم جارە بە شێوەی بازنەیییە واتا ئەگەر کاندیدێک لە بازنەیێک بێت دانیشتووانی بازنەکانی دیکە بۆیان نیە دەنگ بەو کاندیدە بدەن. پارتی لە بازنەی یەک دوکتور شاخەوان عەبدوڵای هەڵبژاردووە کە پێشتریش ئەندامی پەرلەمان بووە و لە بازنەی دوویش نەجوە حەمید کاکەیی هەڵبژاردووە کە لە قەومی کاکەییە و بازنەی دوو زیاتر عەرەب نشین و تورکمان نشینن و کاکەییەکانیش دەگرێتەوە. یەکێتییش کە بە هاوپەیمانێتیی گۆڕان بەشداریی کردووە سەنگی باشی هەیە و کورسیی خۆی دەهێنێت هەروەها عەرەبەکانیش کاندیدی باشیان تێدایە و جەماوەری عەرەب دەنگ بە کاندیدی خۆیان دەدەن بەڵام بە گشتی کورد لەم خولەدا لەوانەی لانی کەم 6 کورسی بهێنێت.

کادیری پێشکەوتووی لاوانی پارتی لە کەرکووک سەبارەت بە بازنەکانی دەنگدان ئەوەشی بۆ کوردپرێس ڕوون کردەوە کە بازنەی یەک زیاتر گەڕەکە کوردنشینەکان دەگرێتەوە وەکوو گەڕەکەکانی ڕەحیم ئاوا، عەرەفە، تەپە، شۆڕیجە، پەنجا عەلی، ئیسکان، ئیمام قاسم، ئەڵماس، فەیلەق، شۆراو، دارەمان و ڕووبەرێکی فراوان دەگرێتەوە. بازنەی دوویش کە زیاتر گەڕەکە عەرەبنشین و تورکمان نشینەکانە چەندین گەڕەک دەگرێتەوە وەکوو حەی عەسکەری، ڕاپەڕین، قادسیە، دۆمیز، حوزەیران. لە بازنەی دوو زیاتر کاندیدەکانی عەرەب و تورکمان دەستی باڵایان هەیە.

پرسیاری ئەوەش لە کادیری پێشکەوتووی لاوانی پارتی لە کەرکووک کرا کە بە لەبەرچاوگرتنی مادەی 140ی دەستووری عێراقی، ئێستا پارتی دوای لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم چۆن دەڕوانێتە قەزیەی کەرکووک؟ سەلمان قادر لەوبارەیەوە بە کوردپرێسی گوت: لە نێو پارتییەکان دروشمێک هەیە کە کەرکووک دڵی کوردستانە. دیارە پارتی پشت لە قەزیەی کەرکووک ناکات لەگەڵ ئەوەشدا گەڕانەوەی کورد ئومێدێکی کردۆتە بەر دانیشتووانی کوردی کەرکووک و لەبارەی مادەی 140یشەوە کە مادەیێکی دەستوورییە و دەنگی پێدراوە تاکوو ئێستا جێبەجێ نەکراوە و پارتی لە هەوڵدایە کە ئەو مادەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان جێبەجێ بکرێت و لە بەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووکدا بێت.

کارگێڕی باڵای لاوانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک سەبارەت بە سەنگی یەکێتی لە کەرکووک و ڕێژەی دەنگەکانی یەکێتی لەو شارە بە کوردپرێسی گوت: یەکێتی زۆربەی دەنگی کەوتۆتە کەرکووک. ڕاستە لە سلێمانی و شارەکانی تریش دەنگیان هەیە بەڵام لەبەر ئەوەی لەو شارانە حیزبەکانی تریش هەن و ڕکابەری هەیە زۆرینەی دەنگەکەی دەکەوێتە کەرکووک. بەڵام لەگەڵ ئەوەش سیراعی ناخۆیی یەکێتی و کێشەی هاوسەرۆکەکان تا ڕادەیێک کاریگەریی دەبێت لە سەر ڕێژەی دەنگەکانیان. بەڵام لەگەڵ ئەوەش پارتی مونافەسەی هیچ لایەنێک ناکات و تەنها هەوڵی ئەوە دەدات کە کورد لەو شارە زۆرینە بهێنێت.

 

*ڕێکخراوی لاوان و قوتابیان و ئافرەتان کە ئێستا لە نێو پارتی دیموکراتی کوردستان بە سێ لقی جیاواز کار دەکەن پێشتر یەک ڕێکخراو بووە و لە سەر دەستی مەلا مستەفا بارزانی دامەزراوە و یەکەم سکرتێری ڕێکخراوەکە خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی بووە.