وەزیری ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێم: لایەنەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا خۆیان دوور بگرن لە تۆمەت و تەشهیرکردن بەرامبەر ڕکابەرەکانیان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیری ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس داوای لە سەرجەم لایەنەکان و میدیاکانیش کرد لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پێبەندی ڕێنمایییەکان بن و گوتیشی هەر لایەنێک پێبەندی یاساکان نەبێت ئیجرائاتی لەگەڵ دەکرێت.

کوردپرێس:

حەمەی حەمە سەعید ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە دۆخی هەڵبژاردن و بانگەشەکان و شێوازی مامەڵەکردنی میدیاکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو بابەتە کرد و گوتی پێویستە هەموو لایەنەکان خۆیان دوور بگرن لە تۆمەت و تەشهیر کردن بەرامبەر لایەنی ڕکابەریان.

سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردنی میدیاکانی هەرێمی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ڕەچاوکردنی بنەما ئەخلاقی و پیشەییەکانی کاری میدیایی و لانەدان لە ڕێنماییەکان، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی گوت: بە حوکمی ئەو ئازادییەی کارکردن بۆ میدیا و کەناڵەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بانگەشەکان بە گڕوتینە. خۆی ئەمە دوو لایەنی هەیە: یەکەم ئەوەی کەناڵەکان تا چ ڕادەیێک پێبەندی یاسا و ڕێسا و ڕێنماییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێم بن لایەنی دووهەم ئەوەیە کە لایەنە سیاسییەکان و ئەو سەرکردانەی لە هەڵمەتی بانگەشەدا بەشدارن تا چ ڕادەیێک خۆیان بە دوور دەگرن لە تەشهیر و شتی ناحەز بەرامبەر بە مونافس و ڕکابەرەکەیان.

حەمەی حەمەسەعید هەر لەو بارەیەوە زیادی کرد: ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردووش لە کۆبوونەوەیێکدا سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوایان لە سەرجەم لایەنەکان کرد پێبەندی ڕێنمایییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری بن و خۆیان دوور بگرن لە تۆمەت و تەشهیرکردن بەرامبەر بە یەکتر. وەزارەتی ڕۆشنبیرییش چاودێریی کاری میدیاکان دەکات و ئیجرائات دەکرێت بەرامبەر ئەوانەی پابەندی ڕێنمایی و یاساکان نابن.

وەزیری ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقەوە بە کوردپرێسی گوت هەڵبژاردنەکە لە مانگی 10ی 2021دا دەکرێت و پێشوەختەیە هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ناڕەزایەتیی خەڵکی عێراق لە حکوومەت و پەرلەمان و بارودۆخی سیاسی و ئیداری و نەبوونی خزمەتگوزاری و هەروەها گەندەڵی کە هەموو جومگە ئیدارییەکانی گرتۆتەوە لە عێراق. سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش بانگەشەی کۆکردنەوەی دەنگ دەستی پێکردووە و تا ئەم کاتە بە هێوری و بێ کێشە دەڕوات.

ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لەبارەی بانگەشەکانی هەڵبژاردن لە سنووری شارەزوو، بە کوردپرێسی گوت: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لەگەڵ گۆڕان هاوپەیمانێتیی پێکهێناوە و لە سنووری شارەزووریشدا بازنەی سێی سلێمانی، ناوچەکانی پارێزگای هەڵەبجە و پێنجوێن و قەزای شارەزوور دەگرێتەوە. لەم بازنەیەدا 4 کاندید هەن کە بریتین لە دوو ژن و دوو پیاو. پیاوەکان نوێنەرایەتیی کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی دەکەن و ژنەکانیش یەکیان نوێنەری هاوپەیمانییە و ئەوی دیکەیان نوێنەری پارتییە.

هەروەها داواشی لە هاووڵاتییان کرد بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن لەبەر ئەوەی ئەگەر کورد بە بەهێزی بچنە پەرلەمانی عێراق، لە ڕووی سیاسی و ئیدارییەوە کاریگەر دەبێت و دەبێتە زامنی پاراستن و مانەوەی قەبارەی هەرێمی کوردستان و هەروەها ئەگەر نوێنەری کورد بەهێز بێت نوێنەران دەتوانن بە هێزی زیاترەوە داوای مافی کورد بکەن و کورد دەتوانێت ئیمتیازات و مافی خۆی مسۆگەر بکات.

ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی دوایین زانیارییەکان لەسەر کێشەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کوردپرێسی گوت: کێشەکان بەرەو هێوربوونەوە دەڕۆن و هیوای ئەوەشی خواست هەموو لایەنەکان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن بۆ ئەوەی کاریگەری لە سەر هەڵبژاردنەکانیش نەکات چوونکە ئەگەر یەکێتی بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە نەکات دەبێتە هۆی شکست بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم هەڵبژاردنە.

لەبارەی هاوپەیمانێتییەکەی یەکێتی و گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەگەری یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕانیش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بە کوردپرێسی گوت: نیەت ئەوەیە کە ئەو هاوپەیمانێتییە دوای هەڵبژاردنیش بمێنێت و بەرەو نزیک بوونەوەی زیاتر و تەنانەت یەکگرتنەوەش بڕۆین. ئەمە ئەگەر سەر بگرێت هەم لە بەرژەوەندیی یەکێتی دەبێت و هەم لە بەرژەوەندیی کوردیش دەبێت. ئەمەش ئاوات و خولیای مام جەلالیش و کاک نەوشیروانیش بوو.

News Code 3445

Your Comment

You are replying to: .
captcha