پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD) واز لە تاکڕەوی بێنێت

بەشی سووریا- ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) دەڵێت: پێویستە پەیەدە و هەسەدە واز لە تاکڕەوی بێنن و پرسی یەکگرتنی حزبە کوردستانییەکان بە جیدی وەربگرن و هەوڵ بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانیی کوردەکان لە سووریا بدەن.

هەڤاڵ عیسا ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە هەڵسەنگاندنتان بۆ سەردانی نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەر بۆ ڕووسیا و باس کردنیان لە پرسی فیدراڵیزم، چییە؛ ڕایگەیاند: هەموو ئەو ئەکتەرانەی کە لە سووریا ئامادەبوونە بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیاندان و هیچ کاتێک بیر لە چارەنووسی خەڵک بەتایبەت کوردەکان ناکەنەوە.

ناوبراو وتیشی: ڕووسیا دوو ئامانج لە دانووستانەکانی نێوان کورد و حکوومەتی ناوەندیی سووریا پەیڕەو دەکات. ئامانجی یەکەم بڕینی پەیوەندیی نێوان کوردەکان و ئەمریکایە و ئامانجی دووهەم ئەوەیە کە دەیهەوێت کوردەکان لەژێر کونترۆڵی حکوومەتی ناوەندیدا بن.

هەڤاڵ عیسا دەڵێت: حکوومەتی ناوەندیی ڕووسیا هیچ کاتێک لە پرسی کورددا ڕاستگۆ نەبووە و ئەگەر بەدوای چارەسەر کردنی پرسەکەدا بووبا تاکوو ئەمڕۆ چارەسەر دەکرا.

ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا جەختی کردەوە: کونترۆڵی سووریا لە دەستی ڕووسیایە چوونکە هەم ئەمنییەت و هەم نەوتی ئەم وڵاتە کونترۆڵ دەکات و دەشتوانێت گوشار بخاتە سەر دیمەشق بۆ هەر دانووستانێک.

هەڤاڵ عیسا وەبیری هێنایەوە: ڕووسیا لەگەڵ سیستەمی فیدراڵیدا نییە و سووریاش فیدراڵی بە کوردەکان نادات چوونکە ئەو ئەمانەتەی حکوومەتی ناوەندیی ڕادەستی پەیەدە-ی کرد تاکوو پارێزراو بێت، پەیەدە ڕادەستی ئەمریکای کرد و بەشێک لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ دیمەشقدا بڕی.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: هەموو لایەنەکان بیر لە بەرژەوەندیی خۆیان دەکەنەوە بەڵام تەنها کوردەکانن کە هە یەکەیان بە لایەکدا دەڕۆن و بەرژەوەندییەکانی خۆیان پێکەوە گرێ نادەن. بۆیە پێویستە پەیەدە و هەسەدە پرسی یەکگرتنی حزبە کوردستانییەکان بە جیدی وەربگرن و هەوڵ بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانیی کوردەکان لە سووریا بدەن.

News Code 3452

Your Comment

You are replying to: .
captcha