مەسروور بارزانی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا زۆر فراوانترە لە پاڵپشتی کردنی پێشمەرگە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە رێوڕەسمی تەواوبوونی هەیکەلی باڵەخانەی تازەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کرد و رایگەیاند پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا تەنیا لە پاڵپشتی کردنی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش، سنووردار نەکراوە، بەڵکو زۆر لەوە فراوانترە و تەواو کردنی ئەم کۆنسوڵخانەیە نیشاندەری مانەوەی ئەمریکایە لە هەرێم.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی چوارشەممە 22ی ئەیلوولی 2021 مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە رێوڕەسمی یادی 10 ساڵەی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و تەواوبوونی هەیکەلی باڵەخانەی تازەی کۆنسوڵخانە لە هەولێر کرد و گوتارێکی بە زمانی ئینگلیزی پێشکێش کرد.

مەسروور بارزانى ڕایگەیاند "لە مانگی نیسانی رابردوودا، 30 ساڵ بەسەر دەستێوەردانی مرۆیی تێپەڕی، زۆر قسە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا گووتران، بەڵام دەمەوێت لێرە دووپاتی بکەمەوە، کە پەیوەندییەکانمان، پەیوەندیی بەردەوام و ستراتیجین".

ناوبراو وتیشى "بەهێزی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، لە كاتی ڕوودانی چەندین پێشهات و گۆڕانکاریی ئێرە و دەرەوە سەلمێنراوە".

بارزانی ڕاشیگەیاند ڕووداوە هەرێمییەکانی ئەم دواییە، بە تایبەتی ڕووداوەکانی ئەفغانستان. هەڕەشەی چەوساندنەوە و چارەنووسێکی نادیاری رووبەڕووی هەموومان کردەوە. گەلی کوردستان بەشێکی زۆری لە بارگرانییەکانی چارەنووس نادیاریی، بەرکەوتووە، لە پێناو بەرگریکردن لە بەهاو مافەکانیشی، قوربانییەکی زۆری داوە".

مەسرور بارزانى جەختی کردەوە، لەم هەرێمەدا شەڕی دژی داعش کۆتایی نەهاتووە، تا ئێستاش داعش هەڕەشەیە بۆ سەر بەها هاوبەشەکانمان و سەقامگیریی و ئاشتی لە ناوچەکە و جیهان.

ناوبراو باسى لەوەش کرد "سەرەتای ئەمساڵ، باسی گرنگیی پابەندبوونی ئەمریکا بەرامبەر کوردستانم بۆ باڵیۆزی ئەمریکا ماتیۆ تولەر کرد، ئەویش لەوەڵامدا وتی؛ بەڕێز سەرۆک وەزیران، ئێمە گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە جیهان، لە هەولێر دروست دەکەین، چی لەمە زیاتر بکەین بۆ پیشاندنی پابەندی ئەمریکا؟".

مەسروور بارزانى گەشبینیى خۆى نیشاندا بە داهاتووی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و کوردستان، "پەیوەندییەکانمان تەنیا لە پاڵپشتی کردنی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش، سنووردار نەکراوە ، بەڵکو زۆر لەوە فراوانترە".

News Code 3459

Your Comment

You are replying to: .
captcha