دەبێت ئەوانەی بوونە هۆکاری جینۆسایدی ئێزیدییەکان سزا بدرێن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت پێویستە ئەوانەی کەمتەرخەم بوون بەرامبەر پاراستنی شنگال و ئێزیدییەکان لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

کوردپرێس، بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و سەرۆکی تیمی بانگەشەی لیستی هاوپەیمانی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا، ئێوارەی رۆژی سێشەممە لە لەمیانی کۆبونەوەیێکدا لەگەڵ سنووری بازنەی 2ی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند: "هەموومان لە شێخان و باعەدرێی میران کە بەدەرگای بادینان ناسراوە کۆ بووینەتەوە بۆ خستنەڕووی بەرنامە و پلانی لیستی هاوپەیمانی کوردستان لەهەڵبژاردنی ئەمجارەدا، ئەو هەڵبژاردنەی کە لەئەنجامی خۆپێشاندانەکانی بەغدا و شارەکانی تری عیراق دژی گەندەڵی و نادادی لە سەرەتای ئەمساڵ بەڕێوەچو، ئەنجامەکەشی بە گۆڕینی ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و بڕیاردان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە پێناو گەڕاندنەوەی شکۆی سەروەری عیراق کۆتایی هات".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردوە، ئەوانەی لەم دەڤەرەوە دەچنە پەرلەمان پێویستە نوێنەرایەتی خەڵکی شێخان و دەوروبەری بکەن، پێویستە لەبنەڕەتدا خۆی خەڵکی ئەو ناوچەیە بێت، چونکە باشتر لە کێشە و ئازار و مەینەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵک تێدەگات و دڵسۆزانەتر هەوڵ دەدات بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانیان لە بەغدا.

سەعدی پیرە لەبارەی هێرشی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەوا و شنگال رایگەیاند، "ئێمە پێمان وایە ژماردنی فەرمانەکانی سەر ئێزیدییەکان بەس نیە بۆ خستنەڕوی تاوانەکان، بەڵکو پێویستە ئەم تاوانانە و ئەوانەشی بونەتە هۆکار بۆ لەدەستدانی قوربانییەکان بەبڕیار بسەپێندرێت، پێویستە بەشێوەیەکی جددی کار لەسەر سزادانی ئەوانە بکرێت بونە هۆکاری ئەو جینۆسایدەی لە ئابی 2014 بەسەر خوشک و برا ئێزیدییەکان هێندرا".

ئەوەشی خستەڕوو، "راستە لەرووی سەربازییەوە داعش تێکشکێندراوە، بەڵام پێویستە لەپێناو دوبارە نەبونەوەی فەرمانێکی تر بەسەر ئێزیدییەکان پارێزبەندی نێودەوڵەتی بۆ ئێزیدییەکان گەرەنتی بکرێت، پێویستە ئەوانەی کەمتەرخەمبون بەرامبەر پارستنی شنگال و ئێزیدییەکان پێویستە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت، ئێمە لەگەڵ پێکەوە ژیان و سەقامگیری و سیاسی و ئاشتی کۆمەڵایەتین، چوونکە پێکەوە ژیان وڵات جوانتر دەکات، پارێزگای نەینەوا عیراقێکی بچوکە باشترین نمونەیە بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکان".