ئەمریکا بە کشانەوەی لە ئەفغانستان دانی بە شکستی خۆی لەو وڵاتەدا نا/ ئێران بە درێژاییی مێژوو پشتیوانی شۆڕشی کورد بووە لە عێراق
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پڕۆفیسۆری یاریدەدەری بەشی تەکینیکی میدیا لە زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی کۆمەڵێک تەوەری ڕۆژەڤی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس باس کردووە وەکوو پرسی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و دووپات بوونەوەی ئەو سناریۆیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پێگەی کورد لە داهاتووی عێراق، پێوەندیی مێژووییی ئێران لەگەڵ کوردی هەرێم و هێزە سیاسییە کوردییەکان لە ڕووی ئابووری و سیاسی و سەربازی و فەرهەنگییەوە، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و کۆمەڵێک تەوەری گرینگی دیکەش.

کوردپرێس:

دوکتور بەهادین ئەحمەد پڕۆفیسۆری یاریدەدەر مامۆستای تەکنیکی میدیا لە زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس کۆمەڵێک تەوەری ڕۆژەڤی لە سەر تەوەری دواپێشهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و پێگەی کورد لە داهاتووی ناوچەکە و بەغدا خستە ڕوو.

د. بەهادین ئەحمەد لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و ئەگەری دووپات بوونەوەی ئەو سناریۆیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان و کاریگەریی لە سەر پێگەی کورد، خوێندنەوەیێکی مێژوویی بۆ دۆخی ئەفغانستان و بوونی ئەمریکا لەو وڵاتە کرد و بە کوردپرێسی گوت: عێراق جیاوازیی لەگەڵ ئەفغانستان زۆرە بەڵام بە گشتی ئەمریکا بە کشانەوەی لەو وڵاتە دانی بەوەدا نا کە لە ڕووی ئیداری و سەربازی و سیاسییەوە لە ئەفغانستان شکستی هێناوە.

دوکتور بەهادین ئەحمەد لەبارەی دەوری وڵاتانی هەرێمی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی گوت: وڵاتانی هەرێمیی وەک تورکیا و ئێران و بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران خاوەن کاریگەری و هەژمونین لە عێراق. ئێران بەتایبەتی پێوەندیی مێژووییی لەگەڵ کورد بووە و بەردەوام پشتیوانی شۆڕشی کورد بووە و لە زۆر قۆناغی وەک کۆڕەو و کیمیابارانی هەڵەبجە و لە شەڕی ئێران و عێراقیشدا داڵدەی خەڵکی کوردستانی داوە و زۆربەی حیزبە کوردییەکان کاتی خۆی لە سنووری ئێران و لە نێو خاکی ئەو وڵاتە بنکەی سەربازییان بوو تا ڕووخانی سەدام.

سەرباری ئەوەی کە ژمارەیێکی زۆر لە خوێندکارانی هەرێمی کوردستان ئێستا لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنن، وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دان بە شەهادە فەرمییەکانی زۆربەی زانکۆ ئێرانییەکاندا نانێت. ئەوەش لە کاتێکدایە زانکۆیێکی وەکو زانکۆی کوردستان لە شاری سنە بە گوێرەی ئاماژەپێوییە نوێیەکان پلەی نایابی بەدەست هێناوە و بۆ نموونە بە پێی ڕووپێویی تایمز لە سەر ئاستی ئێران لە زانکۆ یەکەمەکانە و پلەی 401-500ی ئاستی جیهانی مسۆگەر کردووە. لەهەمان کاتدا هیچ زانکۆیێکی حکوومی و ناحکوومیی هەرێم نەیتوانیوە پلەیێکی باڵا بەدەست بهێنێت. دوکتور بەهادین ئەحمەد شێوازی مامەڵەکردنی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ زانکۆکانی ئێران بە باش نازانێت و دەڵێت پێویستە وەزارەت بەو بڕیارەیدا بچێتەوە و بابەتەکە بە لیژنەی هاوبەش و گفتوگۆکردن چارەسەر بکرێت.

کێشە کەڵەکەبووەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە جۆرێک لە ساردوسڕی و بێهیوابوونی شەقامی کوردیی لێکەوتۆتەوە و لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیشدا لە میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیشدا ئەو گڕوتینەی پێشوازی کردنی هاووڵاتییان دابەزیوە. مامۆستای بەشی تەکنیکی میدیا لە زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی لەو بارەیەوە دەڵێت پێشتر خەڵک بە هەر شێوازێک بوایە هەوڵی دەدا بەشداریی هەڵبژاردن بکات بەڵام ئێستا خەڵک بێزار و بێ تاقەتە و پێویستە دەسەڵاتی کوردی بە خۆیدا بچێتەوە و پلانی هەبێت بۆ کێشە ئابوورییەکانی خەڵک و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ دوکتور بەهادین ئەحمەد پڕۆفیسۆری یاریدەدەر مامۆستای بەشی تەکنیکی میدیا لە زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی لێرەوە بخوێنەوە:

کوردپرێس: پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و ناچاریی ئەو وڵاتە بۆ کشانەوەی لە عێراق بە گوێرەی ڕێککەوتنی ستراتێژیی لەگەڵ بەغدا، کاریگەریی ئەم بابەتە لە سەر دۆخی ناوچەکە و بەتایبەت لە سەر پێگەی کورد لە داهاتوودا چۆن دەبینن؟

دوکتۆر بەهادین ئەحمەد: ئەمریکا وەک وڵاتێکی زلهێز هەوڵ و دەرفەتی قۆستەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پێگەی هەبێ. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو لە دوای ئەوەی کە ئەمریکا بە چەکی ئەتۆمی لە ناکازاکی و هیرۆشیمای یابانی دا سیاسەتی ئەوە بوو کە لە جیهاندا پشتێنێکی ئەمنی بۆ خۆی دروست بکات بۆیە هەر لە شەڕی دووهەمی جیهانییەوە لە دەیان وڵاتی جیهاندا بنکەی سەربازیی هەبوو. ئەوەی کە لە 11ی سێپتەمبێری 2001 لە ئەمریکا ڕووی دا و دواتر بن لادن گوتی ئەو هێرشە ئەوان ئەنجامیان داوە و دواتریش ئەمریکا گوشاری خستە سەر مەلا عومەر کە بن لادەن ڕادەست بکات و دواتر کێشە لە نێوانیان ڕووی دا بۆیە ئەمریکا هێرشی سەربازیی کردە سەر ئەفغانستان بەڵام پاش 20 ساڵ ئەمریکا بە نێوەندگیریی قەتەر لەگەڵ تاڵیبان ڕێک کەوت کە هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە. ئەمریکا بەو کارەی دانی بەوەدا نا کە لە ڕووی سەربازی و ئیدارییەوە لە ئەفغانستان شکستی خواردووە بەڵام ئەوەی سەیر بێت ئەوەیە کە تا ئێستەش بزووتنەوەی تالیبان بەو هەموو لێدانە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا نەبووە ئەوەی هەبوو تەنها ئوسامە بن لادەن و ڕێکخراوی قاعیدە بوو. ئێستا بزووتنەوەی تالیبان بەخۆداچوونەوەی هەیە لە ڕووی سیاسەتی سەربازی و دبلۆماسی و سیاسی. ئێستە خریکی کۆبوونەوەیە لەگەڵ دەستەی زانایانی موسڵمان و ئەوانەی پێشتر تەکفیری دەکردن یان خود هەڵوێستی توندیان هەبوو بەرامبەری. پێم وایە ئێستا تالیبانیش دیراسەی وەزعی خۆیان کردووە و دەیانەوێت بارودۆخەکەیان لە دەست دەرنەچێت.

بەڵام وەزعی عێراق جیاوازە. تالیبان لە ئەفغانستان تاکە هێزی سیاسی و سەربازین. بەڵام لە عێراق فرەهێزی هەیە. میلیشیای چەکداری هەیە. شیعەکان مەرجەعی خۆیان هەیە. حەشدی شەعبی هەیە. دەستە و گرووپی جیاواز هەن. تەیاری سەدری هەیە. تەیاری دیکە هەن. عەلمانی هەیە. لە ناو سونەکان دەستەی جیاوازیان هەیە. کورد هەیە. تورکمان هەیە. کەمینەی دیکەش هەن... یەعنی سەدان حیزب و هێزی سیاسی و سەربازی لە عێراق هەن و دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەکی و دراوسێ هەیە. ئەمریکاش نیازی بوو لە ئەفغانستان و لە عێراقیش نموونەیێکی دەسەڵاتی سیکۆلار و عەلمانی دروست بکات یان خود هیچ نەبێ دەسەڵاتێک دروست بکات کە نزیک بێت لێیان و دۆست و پشتیوانیان بێت و حکوومەتێکی سەر بە ئەمریکا دروست بکات بەڵام لە عێراق زیاتر ناکۆکییەکان ناکۆکیی ناوخۆیین. بۆیە وڵاتانی وەک ئەمریکا هەوڵ دەدەن ئەو ناکۆکییانە بقۆزنەوە و لەو درز و کەلێنانەوە ڕەوایەتی بدەن بە مانەوەی خۆیان. بەڵام بە پێی ڕێککەوتننامە دەبێت ئەمریکا تا کۆتاییی 2021 هێزەکانی بکشێنێتەوە. هێزەکانی ئەمریکا و بەرپرسەکانیان دەڵێن تەنها هێزێکی ڕاوێژکارییان لە عێراق دەمێنێتەوە. ئەمریکا لە عێراق نمووزەجێکی جوانی پێشکەش نەکرد. ئێستاش خەڵک هۆشیار بووەتەوە. لە 2003 پەلاماری عێراق و ڕژێمی سەدامیان دا کە زیاتر لە 30 ساڵ حکوومەتێکی خوێنڕێژی و توندوتیژیان کرد. شەڕی 8 ساڵەیان لە 1980 بۆ 1988 لەگەڵ ئێران بەرپا کرد پەلاماری کوێتیان دا لە 2ی ئابی 1990 کە تەنها نەگبەتی و دواکەوتن و کوشتوبڕ و حوێنڕێژیی تێدا بوو بۆ خەڵکی عێراق. بەڵام خەڵکی عێراق ئێستا بە دوای ڕزگارکەردا دەگەڕێت. خەڵکی بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت کە هێزێکی نیشتمانی هەبێ کە خزمەتی جەماوەر و خەڵک بکات. بۆیە پێم وابێ ئەمریکا ڕەوایەتیی لە عێراق نەماوە و کاریان تەواو بووە و خۆیشیان گەشتوونەتە ئەو قەناعەتە. بەڵام بە حوکمی ئەوەی عێراق هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، ئەمریکییەکان دەیانەوێت بە هەر شێوەیێک بێت بە شێوەی ڕاوێژکاری بێت یان بە ناوی هێزی چاودێر و پشتیوانی بێت لە عێراق بمێننەوە.

کوردپرێس:پێگەی وڵاتانی هەرێمی و بەتایبەت ئێران لە ئایندە و ڕابردووی عێراق و هەرێمی کوردستاندا چۆن بووە و دەبێت عێراق و هەرێم چۆن مامەڵە لەگەڵ ئێران بکەن و ئێران لە بەرامبەردا چۆن مامەڵە لەگەڵ کورد و لەگەڵ بەغدا بکات؟

دوکتۆر بەهادین ئەحمەد: بە دڵنیایییەوە هەر دوو وڵاتی ئێران و تورکیا و بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هاوسنوورە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هەر لە هەرێمی کوردستانەوە هەتاوەکوو بەسرا سنوورێکی بەرفراوانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە خاوەنی هێزێکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە و خاوەنی هەژموونێکی بازرگانی و سەربازی و سیاسییە و نوێنەرایەتی و کونسووڵگەری و باڵوێزخانەی لە بەغدا و هەرێم هەیە. ئێران بە درێژاییی مێژوو پشتیوانی شۆڕشی کورد بووە. لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق کە پێشمەرگە لە شاخ بوون، هێزە کوردییەکان زۆربەیان بارەگایان لە سەر سنوور و لە ناو خاکی ئێران بوو و لە کاتی کۆڕەو و لە کاتی ڕاپەڕین و کاتی لێقۆمان و کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە، ئێران زۆر داڵدەی خەڵکی کوردستانی داوە و هاوکاریی هێزە سیاسی و سەربازییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس.  لە ئێستاشدا کۆمەڵێکی زۆر خاڵی سنووری و پێوەندیی بازرگانی و دبلۆماسیی سەربازیی هەیە. ئەوەمان بیر نەچێ زۆرینەی شیعەمەزەبەکان واتا عەرەبی شیعە و هەندێک لە کوردەکانیش لە خانەقین و مەندەلی و ئەو ناوچانە لەگەڵ ئێران مەزهەبی هاوبەشیان هەیە و بەردەوام سنوورەکان و کەرتی بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گەشەکردندایە و ڕۆژانە سنووری تازە ئەکرێتەوە و هەرێمی کوردستانیش سوودمەند بووە لە پێوەندی لەگەڵ ئێران و زۆربەی هێزە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش پێوەندیی باشیان لەگەڵ ئێران هەیە چ لە سەر ئاستی حیزبەکان و چ لە سەر ئاستی حکوومەتی عێراقیش.

دیارە ئەمریکا وەک وڵاتێکی نەیاری ئێران هەوڵ دەدات ئێران سەنگ و قورساییی لە عێراق نەبێت. بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە ئەوە جێبەجێ بکات. ڕەنگە هەوڵی سنووردارکردنی بووبێ بەڵام پێوەندییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ساڵانە لە گەشەکردندایە و بەردەوام پێشانگای ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی زیاد دەکات و کۆمپانیای بازرگانیی زۆری ئێران لە هەرێمی کوردستان هەن و دەرفەتێکی باش ڕەخساوە. لە ئاخر هەوڵیشدا ئێران دەیەوێت ڤیزە لە نێوان ئێران و عێراق هەڵبگرێت و ئەوەش زۆر باشە ئەگەر سنوورەکان بکرێنەوە و خەڵکی بتوانێت بە مەبەستی کاری بازرگانی و کڕین و سەردانی پزیشک و سەردانی ناوچەی گەشتیاری و بە مەبەستی خوێندن بچێتە ئێران. ئێستا خوێندکارێکی زۆری هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنن. ئەوەش پێوەندیی باشی کەلتووری و ژیاری لە نێوان هەر دوو لا زیاتر دەکات. بەڵام ئەوەش هەیە ئەگەر ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە یان خود دەستوور سەروەر نەبێ یان خود دوای هەڵبژاردنەکان لە حکوومەتی نوێدا نەگەنە ڕێککەوتن مەترسیی ئەوە هەیە کە شەڕی ناوخۆ و ململانێی سەربازی لە عێراق زیاتر سەر هەڵبدات یان توندوتیژیی سیاسی زیاد بکات. هەرێمی کوردستانیش بەردەوام لە سەر مافە دەستوورییەکان و بودجە و ناوچەی جێناکۆک و کێشەی نەوت لەگەڵ حکوومەتی ناوەند لە کێشەدا بووە. هیوادارم کورد دوای هەڵبژاردن بتوانێت بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا.

سەبارەت بە تورکیاش کە وڵاتێکی هاوسنوورە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و بە هەمان شێوەی ئێران هەژموونی هەیە لە عێراق و دووهەم وڵاتی ناتۆیە و حەوتەم وڵاتی گەشتیارییە لە جیهاندا و وڵاتێکە بە پێی سستەمی خۆی کار دەکات و کاریگەریی هەیە و زۆرتر کێشەی ویلایەتی مووسڵ و کەرکووک دێنێتە باس و پشتگیریی تورکمانەکان دەکات و کێشەی لەگەڵ پارتی کرێکاران (پەکەکە) هەیە و ئەوەش کێشەی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە و زۆر جار حکوومەت داوای لە پەکەکە کردووە خاکی کوردستان چۆڵ بکات بەڵام دەستکەوتی نەبووە و تورکیا بەو بیانووەوە بەردەوام تۆپبارانی خاکی هەرێمی کوردستان کات و زیانی قورسی بۆ هاووڵاتییان لێکەوتۆتەوە.

کوردپرێس: ئێستا ژمارەیێکی زۆر خوێندکاری کورد لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنن ئەوەش لە کاتێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا ئیعتیراف بە زانکۆ ئێرانییەکان ناکات لە هەمان کاتدا ئاستی زانکۆیێکی وەکوو زانکۆی کوردستانی سنە بە گوێرەی ئاماژەپێوییە جیهانییەکان لە زۆربەی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەرزترە. چۆن دەڕواننە ئەم بابەتە؟

دوکتۆر بەهادین ئەحمەد: من پێم وایە ئەو جۆرە مامەڵەکردنەی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان زەرەرە بۆ ئەو خوێندکارانەی لە ئێران دەخوێنن. ئێمە دەبێت سپاسی ئێران بکەین کە دەرفەتی ڕەخساندووە بۆ ئەوەی ئەو خوێندکارانە لەوێ بخوێنن. زانکۆکانی ئێمە لە هەرێمی کوردستانیش هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت و بە نموونە هەر زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی کە من تێیدا مامۆستام ئەمساڵ و پاریش لیژنەی خوێندنی باڵای عێراق هاتن و بە گوێرەی ستاندەرەکانی خۆیان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئیعتیراف بە زانکۆکەی ئێمە بکەن. بەڵام بەگشتی من پێم وایە زانکۆکانی ئێران ئاستی خوێندنیان بەرزترە لە زانکۆکانی ئێمە و دەبێت ئەو وەزارەتی خوێندنی باڵا بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و دەکرێت لیژنەیێک پێکبهێنرێت و فەرمانگەی پێوەندییەکانیان بەدواداچوونی زیاتری بۆ بکەن و بە دانیشتنی هاوبەش بزانن ئەو ستاندەرانەی ئەوان دەیانەوێت چین. دەکرێت نوێنەری زانکۆی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا تاوتوێی بابەتەکە بکەن. ئێستا لە ئێران بێت یان لە هەرێمی کوردستان ئەو دانیشتنە بکرێت بۆ ئەوەی بگەنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش.

کوردپرێس: لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراقدا باس لە ساردوسڕیی شەقامی کوردی و تەنانەت جەماوەری هەموو عێراق بەگشتی دەکرێت. هۆکار بەچی دەزانن و چارەسەر چیە؟

دوکتۆر بەهادین ئەحمەد: بە داخەوە هێزە کوردییەکان ئەزموونێکی شکستخواردوویان هەیە حیزبەکان زیاتر ئەو دروشم و وادە و بەڵێنانەی لە هەڵبژاردنی پێشوو و ئێستادا دەیدەن، خەڵک بڕوای پێ نەماوە. خەڵک ئێستا زیاتر تەماشای کردار دەکات نەک دروشم و گوفتار و بەڵێن. ساڵانی ڕابردوو هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی سەختی دارایی و ململانێی ناوخۆییدا تێپەڕیوە. ڕێژەی بێکاری زیادی کردووە و ڕێژەی کرێ نشینی زیادی کردووە کە سەدا 35ی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرێنشینن، زۆربەی دەرچووانی زانکۆکان بە بێ کار دەسووڕێنەوە. دەبوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی ببوایە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە. دەبوو کاری کردبا بۆ چارەسەرکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وەک ئاو و کارەبا و جادەوبان.ئێستا زیاترین ڕێژەی مردن لە هەرێمی کوردستان بە ڕووداوی هاتوچۆیە. ئەم سستەمەی ئیدارەدان زیانی تەنها بۆ خەڵکەکەیە. نزیکەی 6 مانگ بۆ ساڵێک هەر مووچە نەدرا دواتر بوو بە ڕوبع و چارەکە مووچە. ئێستەش ئەوە چارەسەر نەکراوە. کڕیار لە بازاڕ کەم بۆتەوە. ڕێژەی بێکاری و هەڵاوسان زیادی کردووە و پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکان زۆربەی وەستاوە. هیوادارم کاندیدەکان ئەم جارە بتوانن بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن و دروشمەکانیان لە دەستوور بچەسپێنن.

ناوبراو زیادی کرد: من بەراوردێک دەکەم. یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە مانگی 5ی 1992 کرا ئەو گڕوتین و حەماسەتەی جەماور نموونەی نەبوو. ئەو کاتە کەرەستەی گواستنەوە وەک ئێستە نەبوو بەڵام خەڵک بە ڕێژەی 100 لە 100 بە پێ بوایە بە تەراکتۆر بوایە بە هەر شێوازێک بوایە دەچوو بۆ دەنگدان. بەڵام ئێستا ئەو پێشوازییە نەماوە وەکوو جاران. خەڵک بێزار بووە و بێتاقەت بووە. ئەو دەسەڵاتدارانەی 30 ساڵە حوکمڕانی دەکەن نەیانتوانیوە درز و کەلێنەکانی لەگەڵ جەماوەر پڕ بکەنەوە و خەڵک ئاشت بکەنەوە لەگەڵ دەسەڵات. نەیانتوانیوە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ناو خۆیان و کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا بە گوێرەی دەستوور چارەسەر بکەن. نەیتوانیوە بەر بە کۆچی گەنجان و نوخبەکان بگرێت کە ڕۆژانە مەرگەسات و هەواڵی ناخۆش دەبیستین. دەسەڵات کاتێک دەتوانێت پشت بە جەماوەر ببەستێت کە بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ بکات. هیوادارم ئەم جارە بتوانن مافە دەستوورییەکانی کورد لە بەغدا بچەسپێنن و لە جیاتی شەڕەپەڕۆ خزمەت بە خەڵک بکەن و بتوانن جارێکی تر متمانەی جەماوەر بەدەست بهێنن.

 

سازدانی دیمانە: مەنسوور ڕەحیمی