سەرۆککۆماری ئێران لە فڕۆکەخانەی ئیلام: سنوورەکانی ئێران دەرفەتێکی نایابیان ڕەخساندووە/ گەلانی ئێران قەرزداری خەڵکی ئیلامن
بەشی ئێران- سەرۆککۆماری ئێران لە سەردانێکدا بۆ پارێزگای ئیلام، لە فڕۆکەخانەی شاری ئیلام وتارێکی کورتی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند سەردانەکەی ئەو بۆ پارێزگای ئیلام لە درێژەی سەردانەکانی وەزیرانی دەوڵەتە و هیوادارە بتوانێت لەو سەدانەدا کۆمەڵێک کاری تاوتوێ کراو تەواو بکات.

کوردپرێس:

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی 2ی ڕەزبەری 1400، ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێک گەیشتە شاری ئیلام و لە فڕۆکەخانەی ئەو شارە وتارێکی کورتی لەبارەی سەردانەکەیەوە پێشکەش کرد.

سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە لەخۆبوردوویی و خزمەتی خەڵکی ئیلام لە سەردەمی شەڕی سەپاوی عێراق و ئێران کرد و گوتیشی هەموو گەلانی ئێران قەرزداری خەڵکی ئیلامن کە کاتی خۆی لە بەرەی پێشەوەی شەڕی حەق دژی ناڕاستی وەستان و لەخۆبوردووییان نواند.

ئایەتوڵڵا ڕەئیسی گوتیشی سەردانەکەی، لە درێژەی سەردانەکانی پێشووتری وەزیرانی دەوڵەتدایە. پێشتر چەندین پڕۆژە لەو پارێزگایە تاوتوێ کراوە و ئێستا هیوای ئەوەیان هەیە کە هەنگاو بنێن بەرەوە نەهێشتنی بێ بەش بوونی پارێزگای ئیلام.

سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەشی بەو توانا و دەرفەتانە کرد کە بە هۆی سنوورەکانی پارێزگای ئیلامەوە ڕەخساوە و گوتیشی ئەو سنوورانە دەتوانن لە دروست کردنی پێوەندی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەناردەکردندا دەوری کارا ببینن و کردنەوە و بەگەڕخستنەوەی بازاڕچە سنوورییەکان یەک لەو کارانەیە کە سوودمەند دەبێت.