سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزیرى بازرگانی تورکیا کۆ بووەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەیانیى ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/9/26 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و محەمەد مووش وەزیرى بازرگانیى تورکیا کۆ بوونەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانى لەو دیدارەدا دووپاتى کردەوە کە دەرفەتەکانى سەرمایەگوزارى و وەربەرهێنانى تورکى لە هەرێمى کوردستان زۆر لەبار و فراوانن و ڕێگەى بازاڕى گەورەى عێراق بۆ بازرگانیى تورکیا بە هەرێمى کوردستاندا تێدەپەڕێت.

نێچیرڤان بارزانى پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانییەکانى هەرێمى کوردستانى لەگەڵ تورکیا بە گرنگ و ستراتیژى و یاساى وەبەرهێنانى لە هەرێمى کوردستان بە یاسایێکى دۆستانە لە قەڵەم دا کە هانى سەرمایەگوزاریى بیانى دەدات، هەروەها ئامادەییى هەرێمى کوردستانى بۆ پێشکەش کردنى هەموو ئاسانکارییێکى پێویست بۆ سەرمایەگوزارى و بازرگانیى تورکیا لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عێراق نیشان دا.

لاى خۆیەوە وەزیرى بازرگانیى تورکیا خواستى وڵاتەکەى بۆ برەودان بە پەیوەندیى بازرگانی و فراوانکردنى چالاکییە ئابوورییەکانى لە هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە و ئاماژەى بە چەند نموونەیێکى سەرکەوتووى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى تورکی لە وڵاتانى ناوچەکە کرد کە بە هەمان شێوە لە هەرێمى کوردستان دووبارە بکرێنەوە، لەوێشەوە بەرەو هەموو ناوچەکانى دیکەى عێراق فراوان بکرێن.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە وەزیر و لایەنە پەیوەندارەکانى هەرێمى کوردستان و باڵیۆزى تورکیا و شاندێکى تورکى ئامادەى بوون، کاریگەرییەکانى پەتاى کۆرۆنا لەسەر بازرگانى و چالاکیى ئابوورى، ڕێژەى بازرگانی و هاوردەکردنى تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان، سیستمى بانکدارى و ناردن و گواستنەوەى پارە، دادگاى بازرگانى، گەشتیارى و چەند پرسێکى دیکە، تاوتوێ کران.