جووڵە سیاسی و سەربازییەکان لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردانی سووریا زیادی کردووە

بەشی جیهان- هاوکات لەگەڵ زیاتر بوونی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆسەر هێزە کوردەکان لە سووریا، بەرپرسانی کورد بە سەردانی کردنی واشنتۆن و مۆسکۆ دانوستانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی و ڕووسی دەست پێکردووە کە بەڕای شرۆڤەکاران نیشاندەری گۆڕانکاریی نوێیە لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چالاکییە دیپلۆماتیکەکانی کوردی عێراق و سووریا پاش کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان و ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی ئەمریکا لە عێراق تا کۆتایی ئەمساڵ، زیادی کردووە. گرینگترین نیگەرانی سەرکردە کوردەکان لە عێراق و سووریا کشانەوەی لەناکاوی ئەمریکایە لەو وڵاتانە و کاریگەریی ئەو کشانەوەیە لەسەر پێگە و تەنانەت بوونی کوردەکان.

هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا، هەڵمەتە سەربازییەکانی تورکیا لە دژی ئەو هێزە کوردییانەی کە بە تیرۆریست ناویان لێدەبات درێژەی هەیە. ژمارەیێک لە شرۆڤەکارانی پرسی کورد هەموو ئەم ڕووداوانە بە بەستێنی گۆڕانکاریەکی دیکە لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردانی سووریا وەسف دەکەن کە لە بەرژەوەندیی کورددا نییە.

سەردانی هاوکاتی دوو شاندی جیاوازی کوردی سووریا بۆ مۆسکۆ و واشنتۆن لەم ئان و ساتەدا سەرنج ڕاکێشە. بەرپرسانی کوردی سووریا هاوڕێ لەگەڵ نوێنەرانی ئەنجومەنی دیموکراتیکی سووریا، کە لقی سیاسیی هێزەکانی سووریای دیموکراتن، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا چەندین دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی لەوان بەرپرسانی حکوومی و نوێنەرانی کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران ئەنجام داوە.

بەگوێرەی ڕاوبۆچوونی ژمارەیێک لە شرۆڤەکارانی پرسی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردی سووریا کە نیگەرانی کشانەوەی ئەمریکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لۆبیەکانی خۆیان بۆ لە ئەمریکا خستۆتەکار.

نووسینگەی میدایی ئەنجومەنی دیموکراتی سووریا دەڵێت: ئامانجی سەردانی شاندەکەی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا و ناڕەزایی نیشاندانە بە پێشێل کردنی ئاگربەستی ساڵی 2019 لەلایەن تورکیاوە.

نووسینگەکە ڕاشیگەیاندووە دیدرا و کۆبوونەوەکانی شاندەکەی ئیدارەی خۆسەری کوردیی باکووری سووریا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی لە واشنتۆن درێژەی هەیە و ڕاشیگەیاندووە کە بەرپرسانی ئەمریکی و نوێنەرانی کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران پشتگیرییان کردووە لە ڕۆڵی ئەنجومەنی دیموکراتیکی سوریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ جێگیر کردنی سەقامگیریی لە باکووری سووریا.

News Code 3489

Your Comment

You are replying to: .
captcha