لەبارەی موچە و 200 ملیارەکە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دووجار بڕیاری دەرکردووە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیری دارایی و ئابووری نوێترین زانیاری لەبارەی موچە و 200 ملیارەکە ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە دوو جار ئەو بڕیارەی دەرکردوە، ئومێدیان ئەوەیە کە 200 ملیار دینارەکەی بەغدا دێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی رەوانەکردنی 200 ملیار دینارەکە لە بەغداوە، رایگەیاند، "بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بێت کە دووجار بڕیاری لەوبارەیەوە دەرکردوە، بەپێی ئەو دڵنیاییانەی کە تا ئێستا دەدرێن، ئومێدمان وایە 200 ملیار دینارەکەی بەغدا بێت، بەڵام هەموومان ئەزموونی پێشووی عێراق دەزانین و دۆخی عێراق لە ئان و سات دایە بە ئەرێنی یان نەرێنی".

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەوەی کە گرنگە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کەمتەرخەمی نەکردوە و نایکات بۆ دابین کردنی موچەی هاوڵاتییان، هیواداریشین عێراق لەسەر هەمان ئەقڵیەت و سیاسەتی ئێستای بەردەوام بێت، چوونکە پێموایە کارێکی موهیم بۆ ئێمە ناکات تەنها ئەوەیە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیانی کورد دەکات وەکوو تەواوی عێراق، نەک جیاکاری بکات کە لەوەوە و پێش بەداخەوە کردویەتی".

ئاوات شێخ جەناب باسی لەوەش کرد، "ئێمە لە 7ی مانگەوە بە فەرمی نووسراومان ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و چاوەڕوانی ئەنجامین، بەگوێرەی زانیارییەکان تائێستا تەمویلیان نەکردوە".