ئەمریکا چیدی بەدوای گۆڕینی سیستەمی سیاسیی سووریا نییە

بەشی سووریا- ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (P.D.K.S) ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی بەرپرسانی ڕووسی و ئەمریکی لەگەڵ شاندی ئیدارەی خۆسەر لە مۆسکۆ و واشنتۆن نیشاندەری ئەمەیە کە ئەو دوو وڵاتە زلهێزە بۆ چارەسەر کردنی پرسی سووریا جیدین.

ڕێزان ناسان ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (P.D.K.S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە دەسکەوتەکانی شاندی نێردراوی ئیدارەی خۆسەر بۆ مۆسکۆ و واشنتۆن و ڕایگەیاند: ئەم سەردانە هەنگاوێکی زۆر گرینگ و کرداری بوو کە ئامانجەکان و دۆخی ئێستای ئیدارەی خۆسەر پەیڕەو دەکات و ئەمریکا و ڕووسیا گەورەترین هێزی جیهانین بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا.

ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا ڕاشیگەیاند: ئیدارەی خۆسەر بە هەموو توانایەوە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەلماندی کە تەنها هێزێکە کە بە لە بەرچاو گرتنی چوارچێوەی دیموکراتیک، نەزم و ئاسایش لەناوچەکەدا جێگیر بکات.

ناوبراو درێژەی دا: ئەمە یەکەم جار نەبوو کە بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی و ڕووسی کۆ دەبنەوە بەڵام دیدارەکانی ئەم دواییە تایبەتمەندیێکی سیاسیی دیاری هەیە و نیشان دەدات کە ئەو دوو وڵاتە جیدین لە پرسی چارەسەر کردنی کێشەکانی سووریا.

ڕێزا ناسان زیاتر وتی: ئەمریکا چیدی بەدوای ئەمەدا نییە کە حکوومەتی ئێستای سووریا لەسەر دەسەڵات لابدات و پێشتریش بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان پێداوە کە تەنها دەیانهەوێت حکوومەتی سووریا گۆڕانکاری لە ڕەفتاری خۆیدا بکات و ئەمەش ئامانجێکە کە حکوومەتی ڕووسیا پێیگەیشت.

ئەم چالاکوانە سیاسییە کوردە ئاماژەی دا بە تێڕوانینی بەرپرسانی کورد بۆ دۆخی ئێستای سووریا و ڕایگەیاند: ئێمە هەر لە سەرەتایشەوە ئەوەمان دەویست کە حکوومەت بە خۆیدا بچێتەوە و دان بە مافی خەڵکی سووریا و بەتایبەت کوردەکاندا بنێت.

ڕێزان ناسان جەختی کردەوە: لە ئێستادا ئەمریکا و ڕووسیا لەگەڵمان هاوڕان و ئێمەش هیوادارین ئەم دوو وڵاتە ڕێگاچارەیێکی هاوبەش بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا بدۆزنەوە.

سەرۆکی پێشووی ئیدارەی ڕۆشنبیریی فۆرات وەبیری هێنایەوە: دەبێت کار لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بکرێت و بەدوای ڕێگاچارەیێکدا بین کە خەڵکی سووریا لەم قەیرانە دەرباز ببن و ئەم کۆبوونەوانەش بێگومان کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر دۆخی خەڵکی سووریا و بەتایبەتیش کوردەکان دروست دەکات.

News Code 3493

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha