یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وێڕای پشتیوانیی تەواو لە دۆزی فەلەستین سەرکۆنەی کۆبوونەوەکەی هەولێر دەکات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرکۆنەی کۆبوونەوەکەی هەولێر دەکات و هاوکات پشتیوانیی خۆیشی بۆ دۆزی فەلەستین رادەگەیێنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئێمە وەکوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنن کە بە هەموو شێوەیێک ئەو جۆرە کۆبوونەوانە رەتدەکەینەوە، ئیدی لە هەرێمی کوردستان بێت یان هەر ناوچەیێکی دیکەی عێراق. رایدەگەیێنین کە پشتیوانیی دۆزی دادپەروەرانەی فەلەستین دەکەین. هەروەکوو دووپاتیدەکەنەوە هەر هەڵوێستێک گرێدراو بێت بە سیاسەتی دەرەوە، ئەوا بەپێی دەستووری عێراق تەنیا لە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵیدایە".

وەکوو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرکۆنەی هەر هەوڵێک دەکات، کە دەست بۆ پرەنسیپ و سیاسەتی دەرەوەی عێراق ببات و سەقامگیری و ئاسایشەکەی تێکبدات و قەیران دروست بکات".

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەشڵێت، ستایشی هەوڵەکان دەکەن بۆ پتەو کردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و "دوای هەڵبژاردنەکان و سەرکەوتنی هاوپەیمانیی کوردستان، قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندیی نیشتمانیی پتەوی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند لە هەموو ئاستەکان بەدیدێت، لەوانەش بابەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی دەرەوە".

شایانی باسە رۆژی هەینی 24-09-2021 ژمارەیێک کەسایەتیی عەرەب لە شاری هەولێر کۆبوونەوەیێکیان لەژێر ناوی (السلام والاسترداد) ئەنجام دا و تێیدا پشتگیریی خۆیان دەربڕی بۆئەوەی عێراق پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت.