بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەمیانی بەشداری کردنی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەکەیدا لە سلێمانی رایگەیاند "هەوڵمان دا بۆ ئەم هەڵبژاردنە هاوپەیمانێتی بکەین، بەڵام بەدەستمانەوە نەهات، ناچمە ناو وردەکارییەکەی چوونکە بە باشی نازانم، چوونکە هەبووە لەگەڵی رێکنەکەوتووین، هەشبووە متمانەمان پێی نەبوو، بە رەفیقی باشمان نەدەزانێ بۆ رێگە."
ناوبراو وتیشی "حزبی وا هەیە ئەندامەکانی خۆی کردووە بە مەڕ، ئەبێ چ لە هەگبەیدا هەبێ بۆ میللەت. هەروەها پێکهاتەیێکی گەورەی عێراق کە سوننەی عەرەبن پەراوێز خراون، کوردیش هەر چاوی لەسەر ئەو سێ پارێزگایە، نازانێ کە ئەو سێ پارێزگایەش بە پارێزگاکانی ترەوە پەیوەستن، ئەگەر ئەوێ باش نەبوو، ئێرەش باش نابێ."
لەبارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان، ئاماژەی بەوەدا "کەسێک کە بەشداری ناکات لە هەڵبژاردندا دوو گوناحان دەکات، یەکەم ئەرکێکی شەرعی خۆی ئەنجام نادات، گوناحێکی تریشی ئەوەیە بۆشاییەک دروست دەکات کە ئەو بۆشاییە بە تەزویرو فرتو فێل لەلایەن خەڵکی ناشایستەوە پڕبکرێتەوە."
Your Comment