نێچیرڤان بارزانی: پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی پارتی دیموکرات بەپشت بەستن بە پێگەی جەماوەریی بەهێزەوە گەڕایەوە بەغدا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی پارتی دیموکرات بەپشت بەستن بە پێگەی جەماوەریی بەهێزەوە گەڕایەوە بەغدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەکەیدا لە شاری هەولێر بەشداریی کرد و رایگەیاند، پارتی خاوەن جەماوەرێکی تایبەتە و ئەوەش وایکردووە، هەمیشە بتوانێت سەرکەوتووانە رووبەڕووی کێشە بۆ دروستکراوەکانی ببێتەوە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند ئەگەر هەڵبژاردنی ساڵی 1992 بەبیر خۆمان بهێنینەوە، بەردی بناخەی سیستەمی دیموکراسی لەم وڵاتەدا بە هەموو کەموکوڕییەکانیەوە پارتی دایناوە و سەرۆکی پارتی یەکەم کەس بووە کە لە کۆیە باسی ئەوەی کرد کە ئێمە دەبێت کێشەکانی خۆمان لە رێگەی سندووقی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە یەکلا بکەینەوە، ئەو شەرەفەش بەر ئێوە کەوتووە؛ بەر پارتی کەوتووە.

بارزانی وتیشی: ئێمە هەرگیز نەمانگوتووە دیموکراسییەتی کوردستان هیچ کەموکوڕییەکی نییە؛ ئێمە نەمانگوتووە هەموو شتەکان تەواون و کەموکوڕیمان نییە؛ ئێمە نەمانگوتووە بێ کەموکوڕین؛ بەڵێ ئەو شتانە هەمووی هەیە و کەموکوڕیش هەیە، بەڵام ئەوەی کە گرنگە، دڵنیاین لەوەی پارتی لەسەر رێچکەیەکی دروست دەڕوات بەرەو ئاییندەیەکی گەش بۆ ئەم میللەتە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە لەوەدا ئێمە دڵنیاین؛ ئەو دڵنیاییەی ئێمەش سەرچاوەکەی ئێوەیە؛ سەرچاوەکەی ئەندامان و لایەنگران و ئەو کەسانەن کە قوربانییان داوە، ماندوو بوون؛ ئەو کەسانەن کە هێزیان بە ئێمەش داوە؛ ئەو کەسانەن کە پێش ئێمە شەونخونییان کردووە، ماندوو بوون، ئینجا چ لە بەرەکانی شەڕ بن، چ ئەو دایکانە بووبن کە پشتیوان بوون لە دەربەدەریدا، پیاو پێشمەرگایەتی کردووە و ژنیش بەوپەڕی هێزەوە منداڵەکانی بەخێوکردووە، بەڵام نەیهێشتووە کێشەیەک دروستبێت؛ ئێمە ژیانی پەناهەندەییشمان بینیوە؛ زۆر لە ئێوە ئەو ژیانەتان بینیوە، ئەو سەختییانەشتان بینیوە؛ دیوتانە کە چەند ئەستەم بووە، بەڵام ئەمڕۆ سەربەرزیی کوردستان، سەربەرزیی پارتی، سەربەرزیی ئەم وڵاتە کتومت دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ماندووبوون و خۆڕاگری و ئەو خەڵک و میللەتەی لەگەڵ ئەم پارتیەیە.

نێچیرڤان بارزانی باسی لە رۆڵی پارتی کرد لە بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستاندا و رایگەیاند، "بەردی بناخەی سیستەمی دیموکراسی لەم وڵاتەدا بە هەموو کەموکوڕییەکانیەوە، پارتی داینا و سەرۆکی پارتی یەکەم کەس بوو کە لە کۆیە باسی ئەوەی کرد کە ئێمە دەبێت کێشەکانی خۆمان لە رێگەی سندووقی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە یەکلایی بکەینەوە".

جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بە هێرشی داعش بۆسەر هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014دا کرد و گوتی، راستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیدەر بوو بۆ تێکشکاندنی داعش، "بەڵام ئەوەی کە خۆڕاگر بوو لە پێش سەنگەرەکان، ئەو پێشمەرگانە بوون کە بە مێشکی پارتی ئاو درابوون؛ ئەو پێشمەرگانە بوون کە لە سەنگەری پێشەوە بوون؛ ئەو سەرۆکە بوو کە سێ مانگ هەر لەنێو ئۆتۆمبێل نووست بۆئەوەی رووبەڕووی ئەو دڕندانە ببێتەوە، بە هێزی ئەو گەلە و ئەو پێشمەرگانە".

نێچیرڤان بارزانی باسی لە قۆناخی دوای گشتپرسیی ساڵی 2017 کرد و رایگەیاند، پارتی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دا توانیی سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنێت و ئەوەش وایکرد "نەخشە و پلانی دووژمنان پووچەڵ" ببێتەوە، چونکە هەموولایەک و جیهانیش زانی، پارتی "هێزێکە پشتیوانیی گەل و میللەتی لەگەڵە".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا جێگری سەرۆکی پارتی تیشکی خستە سەر ئامانجی دامەزراندنی حیزبەکەی و گوتی، پارتی جێگرەوەی هیچ حیزبێک نییە لە کوردستان و دروستبووە بۆئەوەی مافی گەل بەدەستبهێنێت و بووەتە پارێزەری ناسنامەی نەتەوەیی کوردستانیش.

لەبارەی دۆخی نێو حیزبەکەشی، نێچیرڤان بارزانی قسەی کرد و رایگەیاند، "رەنگە بۆچوونی جیاواز لەناو پارتی هەبێت؛ رایەکی جیاواز لەسەر چۆنێتیی چارەسەرکردنی کێشەیەک لەناو پارتی هەبێت؛ ئەمە بە دڵنیاییەوە هەیە، بەڵام لە ئەنجامدا پارتی حیزبێکی یەکگرتووە، لەژێر یەک سەرکردایەتیدایە، یەک ئاڵا و یەک سەرکردەی هەیە و لەپێناو یەک ئامانجیش خەبات دەکات کە میللەتە".

نێچیرڤان بارزانی چوار ساڵی داهاتووی پرۆسەی سیاسیی عێراقی بە گرنگ ناوبرد و داوای لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی کرد دەنگبدەن و هانی هاونیشتمانیانیش بدەن بۆئەوەی بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن و دەنگ بە بەربژێرانی حیزبەکەی بدەن. جێگری سەرۆکی پارتی گوتی، "زۆر شت لە هەگبەی پارتیدا هەیە کە ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکە دەتوانن بە شانازییەوە باسیان بکەن و بۆ خەڵکی روون بکەنەوە کە بۆچی دەبێت دەنگ بە بەربژێرەکانی پارتی بدەن".

News Code 3503

Your Comment

You are replying to: .
captcha