بلومبێرگ: مەسەلەی کوردی سووریا لەمپەری سەرەکییە بۆ ئاسایی بوونەوەی پێوەندیی نێوان ئەمریکا و تورکیا
بەشی جیهان- بلومبێرگ لە بابەتێکدا نووسیویەتی یەک لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان دوو وڵاتی ئەمریکا و تورکیا ئەوەیە کە واشەنتن پشتگیریی کوردەکانی سووریا دەکات.

کوردپرێس:

لە حاڵێکدا کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا چەندین مانگە یاسای پەسەندکراوی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بۆ سزادانی تورکیای دوا خستووە لە ئەنجامدا سزاکان دژی ئەنقەرە بە فەرمی ڕاگەیێندراو هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە تورکیا سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ئێس 400ی لە ڕووسیا کڕی. بەوەش تەنگەژەی نێوان دوو وڵاتەکە پەرەی سەند.

بلومبێرگ لە وتارێکدا باسی سەرچاوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیای کردووە و دەڵێت یەک لە گرینگترین خاڵەکانی ململانێی نوێان ئەو دوو وڵاتە مەسەلەی کوردەکانی سووریایە.

لە وتارەکەی بلۆمبێرگدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەمریکا بە بێ پشتگیری کردنی کوردی سووریا نەیدەتوانی شکست بە داعش بهێنێت و ئەمەش وای کرد بڕیاری ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا کە ساڵی 2019 دەریکرد و هێرش کردنی تورکیا دژی کورد ئاسانتر دەکرد وەک خەیانەت بەرامبەر کورد خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

بلومبێرگ پشتگیری کردنی ئەمریکا لە کوردی سووریا بە پشتگیرییێکی فراوان وەسف دەکات چوونکە بە گوێرەی نووسراوی ئەو گۆڤارە تەنانەت هاوحیزبییەکانی ترەمپیش ڕەخنەی توندیان لە ترەمپ گرتووە کە لە بەرامبەر هێرشی تورکیا دەستی لە کورد بەرداوە.

بەپێی نووسراوی بلومبێرگ پشتگیری کردنی ئەمریکا لە کوردی سووریا یەک لە خاڵە جێناکۆکەکانی نێوان ئەنقەرە و واشەنتنە چوونکە تورکیا هێزە کوردییەکان سەر بە پەکەکە دەزانێت و پێی وایە ئەو هێزانە هەڕەشەن دژی قەبارە و کیانی تورکیا.

ئەو گۆڤارە ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرباری ئەوەی تورکیا بە دەستوەردانی ئەمریکا و ڕووسیا ناچار بوو هێرشە سەربازییەکەی دژی کوردی سووریا بوەستێنێت بەڵام بەردەوام پێکدادان لەگەڵ کورد درێژەی هەیە.

بلومبێرگ هەروەهاش ئاماژە بە دوو خاڵی دیکە دەکات کە هۆکاری ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و تورکیان یەکەمیان ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا تورکیا چاوچنۆکیی زۆری کردووە و دەستوەردان لە کاروباری لیبیا و سووریا و خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و مەسەلەی قەرەباغ دەکات و هەوڵ دەدات لە ڕووسیا نزیک ببێتەوە کە ڕکابەری ناتۆیە. خاڵی دووهەمیش ئەوەیە ئەمریکا فەتحوڵا گولەن ڕادەست ناکات کە زانایێکی ئاینیی ناڕازیی تورکیایە.