ئەردۆغان چیدی ناتوانێت ڕەزامەندیی پووتین بۆ هێرش کردنە سەر کوردستانی سووریا بەدەست بێنێت

بەشی سووریا- ئەندامێکی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (P.D.K.S) دەڵێت: دۆخی باکووری سووریا هەر بەم شێوەیەی ئێستای دەمێنێتەوە و تورکیا ناتوانێت ڕەزامەنیی پێویستی ئەمریکا و ڕووسیا بەدەست بێنێت بۆ هێرش کردنە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئیدارەی خۆسەر.

گەلۆ عیسا ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (P.D.K.S)لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێس، ئاماژەی دا بە کۆبوونەوەی نێوان ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی ڕووسیا و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کە بڕیارە لە چوراچێوەی دانیشتنەکانی سوچیدا بەڕێوەبچێت و کاریگەریی ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر کوردستان سووریا وتی: دە ساڵ بەسەر شەڕی سووریا تێدەپەڕێت و ئەمریکا و ڕووسیا چیدی دەیانەوێت دۆخی سووریا هێور بێتەوە و بۆ ئەم ئامانجەش بەدوای ڕێگاچارەیێکی سیاسیدان. هەرچەند کە لە کورت ماوەدا ئیمکانی چارەسەر کردنی قەیرانەکە نییە بەڵام بەگشتی ئەم دوو وڵاتە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە کاتی چارەسەر کردنی کێشەکە گەیشتووە.

ناوبراو درێژەی دا من وابیر ناکەمەوە کە کۆبوونەوەی پووتین و ئەردۆغان ئەنجامی ئەوە بێت کە تورکیا مۆڵەتێکی دیکە بۆ هێرش کردنە سەر باکووری سووریا بەدەست بێنێت. چوونکە لەم پرسەدا تەنها حکوومەتی ناوەندیی سووریا و ڕووسیا و تورکیا بڕیاردەر نین بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی فۆراتدا ئیدارەی خۆسەر خاوەنی بنکەی سەربازییە و ئەمریکا و هاوپەیمانان ڕازی بەم پرسە نین.

گەلۆ عیسا وتیشی: بۆ ئەنجامدانی هەر هێرشێک دەبێت ڕەزامەندیی ئەمرکیا و هاوپەیمانان ڕابکێشرێت کە ئەمەش زۆر ئەستەمە و لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی باڵای ڕووسیە لە کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی کوردستانی سووریا لە مۆسک ئەو بەڵێنەیان داوە کە ڕۆڵی زیاتر بگێڕن بۆ نێوەندگیری کردن لەنێوان ئیدارەی خۆسەر و دیمەشقدا.

ئەندامەکەی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (P.D.K.S) جەختی کردەوە: ئەردۆغان چیدی کارتێکی گوشار بۆ ڕووسیا بەدەستەوە نییە و هەر بەو شێوەیە کە حەمس و دەرعا و غووتە و ناوچەکانی دیکەی لەدەست دا ئەمڕۆ چیدیکە شتێکە بەدەستەوە نییە تا لەگەڵ ڕووسیا لەسەری مامەڵە بکات و پووتین گوێڕایەڵی بێت.

News Code 3529

Your Comment

You are replying to: .
captcha