پارتی سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار لە کاتی خۆیدا بڕیار دەدات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی پارتی لە پارێزگای سلێمانی ژمارەی کاندیدەکان و وەزعی ئەو حیزبە لە هەڵبژاردنەکان ڕوون دەکاتەوە و لە بارەی پۆستی سەرۆککۆمارییشەوە دەڵێت تا ئێستا لە هیچ ئۆرگانێکی پارتی باسی ئەو پۆستە نەکراوە و لەکاتی خۆیدا بڕیاری لە سەر دەدرێت.

کوردپرێس:

ڕزگار ئەژی گۆران بەرپرسی پارتی بۆ هەڵبژاردن لە پارێزگای سلێمانی کە لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا سەرۆکایەتیی لیستی پارتیی لە پارێزگای سلێمانی دەکرد لەبارەی ڕەوشی هەڵبژاردن لەو پارێزگایە و کاندیدەکانی پارتی لە بازنەکانی سلێمانی بە کوردپرێسی گوت: پارتی دیموکراتی کوردستان لە تەواوی بازنەکانی سلێمانی کە دابەش بووە بە سەر پێنج بازنەدا، کاندیدی هەیە. واتا لە هەر بازنەیێک یەک کاندیدی هەیە.

بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی پارتی لە پارێزگای سلێمانی لەبارەی هاوپەیمانیی کوردستان (هاوپەیمانێتیی نێوان یەکێتی و گۆڕان) و بەرنامەی پارتی بۆ ڕکابەریی کاندیدەکانیان لەگەڵ کاندیدی هێزە کوردستانییەکانی تر بە کوردپرێسی گوت: سەبارەت بە هاوپەیمانیی کوردستان یان هەر هاوپەیمانێتییێکی تر لە لایەن لایەنە سیاسییەکانەوە، مافی هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەیە بەپێی یاسای هەڵبژاردن و ڕێنمایییەکانی کۆمسیۆن هاوپەیمانی پێکبهێنن و زۆر ئاساییە بە لای ئێمەوە کێ هاوپەیمانی کێیە. ئومێدەوارین کاندیدەکانمان لە هەر پێنج بازنەکەی سلێمانی دەنگ بهێنن و ئێمە وا تەسمیمان گرتووە هەر پێنج کاندیدەکەمان سەرکەوتوو بن.

پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار بە پێی ڕێککەوتنێکی نەریتی پشکی کوردە و لە نێو کوردیش گەرچی خولی ڕابردوو، پارتی کاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە ناساند بەڵام لە ئەنجامدا بە ڕێککەوتنی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق هەر کاندیدی یەکێتی پۆستەکەی وەرگرتەوە. لە ئێستادا لە نێو بەرەی عەرەبی سوننەش جموجووڵ هەیە بۆ دەستخستنی ئەو پۆستە. بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی لە پارێزگای سلێمانی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماریی عێراقەوە بە کوردپرێسی گوت: سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار کێشە نیە بەلای ئێمەوە. تا ئێستە باس نەکراوە و چاوەڕوان دەکەین تا کاتی خۆی دێت. چوونکە عەرەب دەڵێت "لکلّ مقام مقال و لکل حادث حدیث" واتا هەر کاتێک ئەو مەسەلەیە هاتە پێشەوە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەئی خۆی دەدات و قسە لەسەر ئەو مەسەلەیە دەکات. تا ئێستە نازانین حکوومەتی داهاتووی عێراق چۆن پێکدێت و دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان چۆن دەبێت. وەکوو عەرزم کردی پۆستی سەرۆککۆمار تا ئێستا لە هیچ ئۆرگانێکی پارتی باس نەکراوە. ئێمە چاوەڕێی ئەوەین لە ئایندەدا ئەو پرەنسیپە دەستوورییانەی لە دەستووردا ناویان هاتووە وەکوو مەسەلەی تەوازون و تەوافوق و موشارەکە لە حکوومەتی عێراقیدا ڕەنگ بداتەوە. ئەوە زۆر بەلای ئێمەوە گرینگە.

ڕزگار ئەژی گۆران لەبارەی پلانی پارتی بۆ چارەسەری کێشەکانی کورد لە پەرلەمانی عێراقەوە و چۆنیەتیی مامەڵەکردنی پارتی لەگەڵ لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان بۆ چارەسەری کێشەکان بە کوردپرێسی گوت: ئێمە بێگومان بە پلان و بە بەرنامەیێکەوە دەچینە بەغدا. کاندیدەکانمان هەموو بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان جێبەجێ دەکەن و بەلای ئێمەوە دەستوور زامنی چارەسەری کێشەکانە ئەگەر بێتوو وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت و مادە دەستوورییەکان و فایلە هەڵواسراوەکان کە تا ئێستا وەکوو خۆی ماوەتەوە بخرێتەوە کار و ئیشی لە سەر بکرێت بەڕای ئێمە مافەکانی کوردستانیان وەکوو هەرێمی کوردستان و وەکوو کوردیش لە جێبەجێ کردنی دەستووردایە.

 

*سازدانی دیمانە: مەنسوور ڕەحیمی