ئەو توندڕه‌وانه‌ى بەشدارییان لە شەڕەکانی لیبیا و قەرەباغ کردووە له ‌كوردستانی سووریا نیشته‌جێ ده‌كرێن

بەشی سووریا- بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستانی سووریا لەو ناوچانەی تورکیا داگیری کردوون سەرجەم ئەو توندڕه‌وانه‌ى بەشدارییان لە شەڕەکانی لیبیا و قەرەباغ کردووە له ‌كوردستانی سووریا نیشته‌جێ ده‌كرێن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی سووری بۆ دیکۆمێنت کردنی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە باکوری سووریا له‌چوارچێوه‌ى ڕاپۆرتێكدا چه‌ندین زانیاریی ‌و نهێنیى ئاشكرا ده‌كات ‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت: کوه‌یت لەژێر ناوی کاری خێرخوازییدا پشتیوانی تورکیا ده‌كات بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستانی سووریا و سه‌رجه‌م ئەو چەکدارە سووری ‌و تورکمانانەی بەلایەنگری سەرسەختی تورکیا ناسراون‌ و بەشداریان لەشەڕەکانی لیبیا و ناگۆڕنۆ قەرەباغ کردووە، له ‌عه‌فرین شوققه ‌و یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوونیان له‌لایه‌ن كوه‌یته‌وه‌ بۆ دروست كراوه ‌و نیشته‌جێ كراون".

ڕاپۆرتی ناوەندی سووری بۆ دیکۆمێنت کردنی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ ل ەباکوری سووریا ڕاشیدەگەیەنێت ڕێکخراوە کوه‌یتییەکان ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە لەپشتیوانی کردنی هەوڵەکانی تورکیا بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانەی کوردستانی سووریا کە لەلایەن تورکیاوە داگیرکراون، ئەویش دوای ئەوەی ئەنقەرە لەبەدەستهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتیی بۆ دابین کردنی پارەی پێویست بۆ جێبەجێ کردنی ئەو پلانە شکستیهێنا.

ناوەندە سووریەکە لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت: "دوای شکستی تورکیا بۆ بڕواپێکردنی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا بۆ ئەوەی پارەی پێویست بۆ ئەو پڕۆژانە دابین بکات کە بەمەبەستی نیشتەجێ کردنی ئاوارە عەرەبییە سوورییەکان لەناوچە داگیرکاوەکانی کوردستان‌ی سووریا و بەتایبەتی لە عەفرین، ئەو وڵاتە پەنای بردووە بۆ ڕێکخراوە بەناو مرۆییەکانی سەر بەڕێکخراوی ئیخوان موسلیمین لە ناوچەکەدا، لەوەشدا ڕێکخراوە کوه‌یتییەکان ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە.

باس لەوەش کراوە، لەن اوەڕاستی ساڵی 2020وە ئەو ڕێکخراوانە هەوڵەکانیان بۆ بونیادنانی چەندین کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ داڵدەدانی ئاوارە سوورییەکان لە چوارچێوەی پلانێک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە چرتِرکردۆتەوە، بەو شێوەیە ئەو ڕێکخراوانە بوونەتە باشترین ئامراز بەدەست تورکیاوه‌، لەکاتێکدا ئەو وڵاتە بەهۆی دەستنەکەوتنی بودجەی پێویستەوە، لەجێبەجێ کردنی پلانەکانی دەستەوەستان بوو.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەدیارترین ئەو ڕێکخراوە کوه‌یتیانە کردوە کە پڕۆژەی نیشتەجێ بوون لەسەر زەویی‌ و زاری ئەو خێزانە کوردانە دروست دەکەن کە بەهۆی داگیرکارییەکانی تورکیاوە ماڵ ‌و حاڵی خۆیان جێهێشتووەو کۆچبەری ناوچەکانی تر بوون.

لەوانە کۆمەڵەی "دەستی سپی"ی کوه‌یتیی کە 144 شوققە بۆ خێزانی چەکدارانی سەر بە گرووپە چەکدارییە سوورییەکانی لایەنگری تورکیا لە گوندی شادیرییەی ئێزیدی نشین لە ناحیەی شێراوای عەفرین دروست دەکات، هەروەک کۆمەڵەی "ڕەحمەت"ی جیهانیی لەشاری عەفرین ‌و لەسەر زەویی خەڵکە کوردە ڕەسەنە بەزۆر دەرکراوەکان، کۆتایی بەدروست کردنی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێ بوون بەناوی "کوه‌یت ئەلڕەحمە" هێناوە کە خۆی لە 380 یەکەی نیشتەجێبووندا دەبینێتەوە و دەدرێتە ئەو چەکدارە سووریی ‌و تورکمانانەی بەلایەنگری سەرسەختی تورکیا ناسراون ‌و بەشدارییان لە شەڕەکانی لیبیا و ناگۆڕنۆ قەرەباغ کردووە، ئەوە جگە لەچەندین ڕێکخراوی خێرخوازی تری کوه‌یتی کە هاوکاری پڕۆژەکانی تورکیا بۆ نیشتەجێ کردنی ئاوارە عەرەبەکان لە عەفرین دەکەن.

لەڕاپۆرتەکەی ناوەندی دیکۆمێنت کردنی پێشێلکارییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا هاتووە، تورکیا بەشێوەیەکی سەرەکیی فۆکەسی لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای شاری عەفرین لە گوندەواری حەلەب‌ و سەرێکانی لە حەسەکە و گرێ سپیی‌ و لە شاری ڕەققە دێت، کەبەپێی ئەو پلانە سەدان هەزار ئاوارەی عەرەبی نیشتەجێی تورکیا لەو جێگایانە نیشتەجێ دەکرێن، لەکاتێکدا نزیکەی ملیۆنێک کەسی ڕەسەنی ناوچەکە ماڵ ‌و حاڵی خۆیان جیهێشتووە و لە نۆ کەمپی سەر بەئیدارەی خۆسەر نیشتەجێ کراون.

News Code 3561

Your Comment

You are replying to: .
captcha