پووتین لە سۆچی ئەردۆغانی تێگەیاند کە دەبێت لە سووریا بڕوات

بەشی سووریا- ئەندامێکی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەمریکا لە واشنتۆن بەڵێنی بە شاندی نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوە کە چیدی لەلایەن تورکیاوە هێرشێک ناکرێتە سەر ئیدارەی خۆسەر.

«فەتحوڵڵا حسێنی» ئەندامی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە پاشهاتەکانی دانیشتنی سۆچی بەنێوان ڕووسیا و تورکیا و ڕایگەیاند: پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی سۆچی لەنێوان سەرۆک کۆماری ڕووسیا و سەرۆک کۆماری تورکیا؛ شاندێکی ئیدارەی خۆسەر سەردانی مۆسکۆیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا کۆبوونەوە، هەروەها ئەو شاندە چەند ڕۆژێک لە واشنتۆن مانەوە و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی و نوێنەرانی پەرلەمانی ئەمریکا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان ئەنجام دا.

ناوبراو درێژەی دا: ڕاستیەکەی ئەمەیە کە دانیشتنی سۆچی دەسکەوتی بۆ ئەردۆغان نەبوو و بەپێچەوانەیشەوە دەسکەوتی نەرێنیی بووە و ڕووسیا بەردەوام گرووپە جیهادییەکانی سەربە تورکیا لە ئیدلیب و عەفرین بۆردوومان دەکات. تورکیا بەنیازە ئەم گرووپە تیرۆریستییانە لەم ناوچەدا بمێننەوە و ڕووسیا جەخت لە دەرکردنیان دەکاتەوە.

ئەندامی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان زیاتر وتی: چیدی کاتی ئەمە گەیشتووە کە ڕێگاچارەی سیاسی بۆ سووریا بدۆزرێتەوە و ئەمریکا و ڕووسیا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە کاتی گەیشتووە تا وڵاتانی دیکە بەتایبەت تورکیا لە سووریا بکشێنەوە.

فەتحوڵڵا حسێنی جەختی کردەوە: پووتین بە ڕەفتاری ئەوەی نیشان دا کە تورکیا دەبێت لە سووریا بکشێتەوە و ئەو خولیایە لەناوچوو کە تورکیا دەتوانێت تاهەتایە لە سووریا بمێنێتەوە.

ئەندامی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان وەبیری هێنایەوە: ئەمریکا بەڵێنی داوە کە چیدی تورکیا بۆی نییە هیچ هێرشێک بکاتە سەر باکووری سووریا و ئیدارەی خۆسەر. بۆیە هێدی هێدی کاتی ئەوە گەیشتووە ئاوارەکانی گرێسپی و سەرێکانی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە. لەبارەی عەفرینەوە پێویستە ڕێککەوتنێک لەنێوان ئەمریکا و ڕووسیا بکرێت تا ئەو خەڵکەش بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

فەتحوڵڵا حسێنی وتیشی: لەلایەکی دیکەشەوە حکوومەتی ناوەندیی سووریا دەبێت ئەم ڕاستییە قبووڵ بکات کە لە ئێستادا دوو هێز لە سووریا بوونی هەیە و ڕووسیاش پێویستە هەر دوو لایەنەکە لە دانوستانەکاندا بەشدار بکات و بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا پێشەنگ بێت.

News Code 3563

Your Comment

You are replying to: .
captcha