بایدن دڵنیایی پێداوین کە هێزەکانیان لە سووریا ناکێشنەوە/PKK لە کوردستانی سووریا بوونی نییە

بەشی سووریا- هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتی رایگەیاند پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سووریا بوونی هەبێت و ئیدارەی بایدن دڵنیاییان پێداون کە هێزەکانیان لە سووریا ناکێشنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتی کە لە ئەمریکایە، بە رۆژنامەوانانی راگەیاند: ئەوەی لە گەورە بەرپرسانەوە بیستوومە ئەوەیە کە ئەم ئیدارەیەی ئەمریکا هێزەکانی لە سووریا پاشەکشە پێناکات.

ناوبراو وتیشی، ئێمە لەگەڵ دیالۆگی ناوخۆیی نێوان سووریەکانداین و ئەمە ئەو شتەیە کە جەختی لەسەر دەکەینەوە کاتێک باس لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ واشنتۆن و مۆسکۆ دەکرێت".

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد: لە وتووێژەکانی ئاشتی لە جنێف و لە رێککەوتنە سیاسییەکانی دیکەی نێودەوڵەتیدا بەشداری بە ئەنجومەنی سووریای دیموکراتی نوێنەرایەتی ناکرێت هەر بۆیە جەختی کردەوە، "ئەگەر قسە لەسەر پرۆسەیەکی سیاسی جدی بکرێت، پێویستە ئەنجومەنی سووریای دیموکرات نوێنەرایەتی هەبێت".

ناوبراو ڕاشیگەیاند: «"پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) کە ئەنقەرە بە گرووپێکی تیرۆریستی ناساندوویەتی هیچ نوێنەرێکی لە کوردستانی سووریا نییە وێڕای ئەوەی کە ئیدارەی خۆسەر ڕێز لە هەڵمەتەکانی پەکەکە دەگرێت کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە شەنگال، کەرکووک، هەولێر و دیکەی ناوچەکانی جیهان داویەتی دەبێت بڵێم ئەندامانی پەکەکە لە کوردستانی سووریا نین". »

هاوسەرۆکی ئەنجومەنەکە کە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا دوای سەردانی دێت بۆ رووسیا باسی لەوەش کرد، کوردانی سووریا لەگەڵ ئەوەشدان وتووێژی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا هەبێت.

News Code 3564

Your Comment

You are replying to: .
captcha