فیلمی "نانی پیرۆز" خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی فێستیڤاڵی "دینی ئەمڕۆ"ی لە ئیتاڵیا بەدەستهێنا

بەشی فەرهەنگ و هونەرـ فیلمی دیکۆمێنتی "نانی پیرۆز" لە دەرهێنانی خوالێخۆشبوو "رەحیم زەبیحی" و لە بەرهەمهێنانی "توورەج ئەسڵانی"، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" بیست و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دینی ئەمڕۆ"ی لە وڵاتی ئیتاڵیا بەدەستهێنا.

کوردپرێس:

بەڵگەفیلمی "نانی پیرۆز" (نان مقدس) Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد "رەحیم زەبیحی"، لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "توورەج ئەسڵانی" و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی "ماد موڤی" MAAD Movie؛ لە نوێترین و نۆیەمین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا لە کاتژمێر 5ی ئێوارێی ڕۆژی سێشەمە 28ی سێپتەمبەری 2021 لە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" بیست و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دینی ئەمڕۆ" Religion Today لە شاری تڕێنتۆ لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا و لە لایەن بینەران و هۆگرانی هونەری سینەماوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا و توانی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە بەدەستبێنێت.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" بیست و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دینی ئەمڕۆ"ی ئیتالیا کە بریتی بووون لە: خاتوو "ئیلاهە نەوبەخت" Elaheh Nobakht بەرهەمهێنەر و بڵاوکەرەوەی نێودەوڵەتی سینەمای لە وڵاتی ئێران، "لیدیا ماگنی" Lidia Magni ڕۆژنامەنووس لە وڵاتی ئیتالیا، "میلیجان گوچیک" Milijan Gocic سیناریۆنووس و دەرهێنەر لە وڵاتی سێربستان، "دیانا ئاشیموڤا" Diana Ashimova بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵ لە وڵاتی قەزاقستان و هەروەها "مستەفا جێناپ ئایدین" Mustafa Cenap Aydin توێژەر و مامۆستای زانکۆ لە تورکیا، فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، بەڵگەفیلم و کورتە فیلمەکانی ئەم خولەی فێستیڤاڵیان دادوەری کرد و دەنگەکانی خۆیان ڕاگەیاند و خەڵاتیان بەسەر سینەماکارانی سەرکەوتوودا دابەشکرد.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دینی ئەمڕۆ"ی ئیتالیا بە مەبەستی ڕەخساندنی فەرهەنگی ئاشتی و دانووستان لە نێوان باوەڕ و کەلتوورەکان و هەروەها سازکردنی پردێکی پەیوەندیی لە نێوان سینەما و دین و ئایینە جۆراوجۆرەکانی جیهان لە ساڵی 1997 دامەزراوە و لەم ڕێگا گرینگەدا بە شوێن پەیوەندیی لە نێوان بیرووباوەڕەکان و ژیانی سونەتی و خۆماڵی خەڵکی سەرتاسەری دنیا و هەروەها ئاشتی و فەرهەنگە جۆراوجۆرەکان، لە ڕێگای وەرگرتنی جیاوازەکانی یەکتریدایە.

بیست و چوارەمین خولی ئەم ڕووداوە هونەرییە بە نمایشی فیلمە سینەماییەکان، بەڵگەفیلم و کورتە فیلمەکانی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە ڕۆژانی 22 تا 29ی سێپتەمبەری 2021 لە شاری تڕێنتۆ لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.

"نانی پیرۆز" کە لە لایەن کۆمپانیای "تسویر گستر الهە پارسی" (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو "ئیلاهە نەوبەخت" لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە، لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی فەرمی "پێشبڕکێی ئاسیا" لە سێزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەڵگەفیلمی "دیمز" DMZ وەکوو گرینگترین فێستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتاریی ئاسیا لە وڵاتی کۆریای باشوور نمایشکرا.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەڵگەفیلمی "دیمز" DMZ بە ناونیشانی پێشڕەوترین فێستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتاریی لە کیشوەری ئاسیا بە ناوەرۆکی "ئاشتی، پەیوەندییەکان و ژیان"؛ بە نمایشی 130 بەرهەمی دیکۆمێنتاریی لە دەرهێنەرانی 40 وڵاتی جۆراوجۆری جیهان لە رۆژانی 9 تا 16ی سێپتەمبەری 2021 لە شارەکانی گۆیانگ و گۆوانگ جۆ لە وڵاتی کۆریای باشوور بەڕێوەچوو.

بۆ زانیاری زیاتر:

https://www.religionfilm.com/en/film/holy-bread-en

https://www.religionfilm.com/it/news/religion-today-2021-trionfa-il-dialogo-tramite-il-cinema-con-iran-e-israele-sul-podio-della

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی بەڵگەفیلمی "نانی پیرۆز".

ناردنی بابەت: مەنسوور جیهانی

News Code 3568

Your Comment

You are replying to: .
captcha