لە ئێستادا وەزعی ناوخۆی یەکێتی باشە/ یەکێتی دەنگەکانی کەرکووک مسۆگەر دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری مەڵبەندی سلێمانیی یەکێتی لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس دەڵێت وەزعی ناوخۆی یەکێتی پێشبینیی خراپی بۆ ئەکرا بەڵام لە ئێستادا وەزعەکە باشە. لەبارەی کورسییەکانی کەرکووکیشەوە دەڵێت یەکێتی دەنگەکانی کەرکووک مسۆگەر دەکات.

کوردپرێس:

جێگری مەڵبەندی سلێمانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی دوایین وەزعی یەکێتی لە هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق بە کوردپرێسی گوت: وەزعی ناوخۆی یەکێتی پێشبینیی خراپی بۆ ئەکرا بەڵام لە ئێستادا وەزعەکە باشە. کاندیدەکانمان لەگەڵ گۆڕان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی کوردستان پێکەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن. ڕێککەوتنی فەرمیمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هەیە بەڵام بە گشتی لێکتێگەیشتنیشمان لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی هەیە.

مامۆستا نیازی هەورامانی لەبارەی کاریگەریی هەڵبژاردن بە سیستەمی بازنەیی لەسەر ڕێژەی دەنگ و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە کوردپرێسی گوت: سیستەمی بازنەیی بۆ کۆی گشتیی عێراقە. دەتوانم بڵێم بە دیوێکیدا قازانجە و بە دیوێکی دیکەیدا ڕەنگە جۆرێک لە زەرەری هەبێ بەڵام بە هەردوو بارەکەدا یەکێتی بەهێزە و خزمەتی خەڵکی کوردستانی کردووە و لە خۆیدا ڕادەبینێت کە چ بە بازنەیی و چ بە سیستەمی غەیر لە بازنەیی دەنگی خۆی بهێنێت.

ناوبراو لەبارەی پلانی یەکێتی بۆ کەرکووک بە کوردپرێسی گوت: خاڵێکی گرینگ هەیە ئێمە وەکوو یەکێتی کەرکووک لە ناو دڵماندایە و کاتی خۆی مام جەلال هەمان قسەی کردووە و ئێستاش یەکێتی لەسەر هەمان ڕێباز و ڕێچکە دەڕوات. خاڵی دووهەم ئەوەیە کە کەرکووک شارێکی فرەنەتەوە و فرە زمانە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە و جیاوازیی هەیە لەگەڵ کۆی شارەکانی دیکە لەبەر ئەوە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی کەرکووک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق باس و بابەتێکی تایبەتمەندە. مەسەلەیێکی دیکەش ئەوەیە کە یەکێتی عەلاقەی زۆر باشی هەیە لەگەڵ ئەو حیزبە گەورانەی لە بەغدان. واتا یەکێتی پێوەندیی زۆر باشی لەگەڵ لایەنی شیعەی عێراق هەیە و من پێم وایە یەکێتی دەتوانێت دەنگەکانی کەرکووک مسۆگەر بکات و ڕێککەوتنی باشیش لەگەڵ ئەو لایەنانە بکات کە لە کەرکووک دەنگیان هەیە. یەکێتی سیاسەت بە مانای گفتوگۆ جێبەجێ ئەکات نەک بە مانای هەڕەشە و گوڕەشە و قبووڵ نەکردن و مامەڵە نەکردن. نەخێر. سیاسەت هونەری گفتوگۆیە. تایبەتمەندیی کەرکووک لە سیاسەتی هاوپەیمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کاک قوباد تاڵەبانی جیاوازە لە شارەکانی تر. بیرمان نەچێ کاک قوباد جیاواز لەوەی سیاسەتوانێکی گەنجی بەتوانایە کوڕی مام جەلالە و لە سەر هەمان ڕێباز و ڕێچکەی مام جەلال مامەڵە ئەکات لەگەڵ پێکهاتەکانی کەرکووک و لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانیش.

لە 2005ەوە وەکوو عورفێک پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پشکی کوردە و ئەگەرچی پارتی لەو دواییەدا چاوی زیاتری خستۆتە سەر ئەو پۆستە بەڵام لە ئەنجامدا تا ئێستا سێ سەرۆککۆماری کوردی عێراق لە یەکێتییەوە پۆستەکەیان وەرگرتووە. نیازی هەورامانی لەبارەی ئەو پۆستەشەوە بە کوردپرێسی گوت: خاڵی یەکەم پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کەرکووکە و لە کەرکووکیش پشکی یەکێتییە. تا ئەم کاتەی من قسە دەکەم یەکێتی لە بەرامبەر هیچ ئیمتیازێک دەستبەرداری پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار نابێت. خاڵی دووهەم ئەوەی کێ دەبێتە سەرۆککۆمار لە مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیاری لە سەر دەدرێت و مەرج نیە هەمان کەسیش بێت و شەرتیشە واتا هەر دوو حاڵەتەکە کراوەیە بەڵام بە گشتی یەکێتی دەستبەرداری پۆستی سەرۆککۆماری نابێ.

*سازدانی دیمانە: مەنسوور ڕەحیمی

News Code 3580

Your Comment

You are replying to: .
captcha