ئێمە ئامادەی دانوستان لەگەڵ دیمەشقین/ پووتین چیدی گڵۆپی سەوزی هێرش کردن بۆ ئەردۆغان هەڵناکات

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا دەڵێت: کارتەکان هەڵگەڕاونەتەوە و ڕووسیا و تورکیا توانای هێرش کردنیان بۆسەر باکووری سووریا نییە.

کۆفان کەنعۆ سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە ئەگەری هێرشی تورکیا بۆسەر باکووری سوریا پاش کۆبوونەوەی ئەردۆغان و پووتین لەچوارچێوەی دانوستانەکانی سۆچی و ڕایگەیاند: ڕوون و ئاشکرایە کە هەردوو وڵاتەکە بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیاندان و تورکیا نەک هەر لە باکووری سووریا بەڵکوو لە هەر شوێنکدا بەدوای ئەوەدایە کە زەبر لە کوردان بدات و خاکیان داگیر بکا.

ناوبراو درێژی دا: ڕووسیاش بەرژەوەندیی حکوومەتی ناوەندیی سووریا دەپارێزێت و ئەگەر دۆخەکەی بۆ بڕەخسێت باکووری سووریاش داگیر دەکات و ڕادەستی حکوومەتی ناوەندیی دەکات.

کۆفان کەنعۆ وتیشی: بەڵام کارتەکە هەڵگەڕاوەتەوە و نە ڕووسیا دەتوانێت ئەم ناوچانەی ئیدارەی خۆسەر کە بەخوێنی هەزاران کەس ئازاد کراوە تەسلیمی دیمەشق بکات و نە تورکیاش دەتوانێت شوێنکی دیکەی کوردستانی سووریا داگیر بکات.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا دەڵێت ئەمڕۆ تورکیا تووشی قەیرانێکی گەورەی ئابووری و سیاسیی ناوخۆیی هاتووە و توانای چارەسەر کردنی کێشەکانی خۆی نییە و ڕۆژلەدوای ڕۆژ لاوازتر دەبێت.

ناوبراو وتیشی: تورکیا ئەگەر بزانێت دۆخەکە بۆ هێرش کردنەسەر کوردستانی سووریا گونجاوە بێ گومان هێرش دەکات بەڵام ئێستا گڵۆپی سەوزی ڕووسیا و ئەمریکای بۆ هەڵناکرێت و ئێمەیش هوامان وایە کە ئیدارەی خۆسەر بتوانێت لەڕێگای دیپلۆماسییەوە ئەو ناوچانەیش ئازاد بکات کە تورکیا داگیری کردوون.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا لەبارەی ڕای کوردەکان بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە سوورییەکان و حکوومەتی ناوەندیی لەسەر داهاتووی ئیدارەی خۆسەر وتی: ئێمە ئامادەی دانوستان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریاین لەچوارچێوەی چارەسەریی قەیرانی سووریا و ڕووسیاش ئەگەر لەم بارەوە ڕاستگۆ بێت و بەنیازی چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا بێت دەتوانێت کارتەگوشارەکانی خۆی بۆ ڕازی کردنی حکوومەتی سووریا بەکار بێنێت.

News Code 3584

Your Comment

You are replying to: .
captcha