شاخەوان عەبدوڵا: هەڵبژاردن بە سیستەمی بازنەیی بە زەرەری کوردە/ بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ ئەوەی مادەی 140 بە تەواوی جێبەجێ بکرێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی پێشووی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردپرێسی گوت ئێستا لەگەڵ لایەنەکان لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی مادەی 140ی دەستووری عێراق بە هەر سێ بڕگەکەیەوە جێبەجێ بکرێت و لەبارەی هەڵبژاردنیشەوە دەڵێت سیستەمی بازنەیی بە زیانی کوردە و ئەوان لەگەڵ تاک بازنەیی بوون بۆ هەڵبژاردن.

کوردپرێس:

شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی پێشووی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق  لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە وەزعی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە شاری کەرکووک کرد و گوتی: غیابی پارتی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو لە کەرکووک خەڵکی باجەکەی دا. ئەویش نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاسایش و سەقامگیری و فەرامۆش کردنی کوردە لە مافی دەستووریی خۆی و بابەتی دامەزراندن. لەو ماوەیەدا خزمەتگوزاری بە گەڕەکە کوردەکان نەدەگەیشت. بابەتی گەندەڵی چووە لووتکە و بەجێهێشتنی خەڵک لە لایەن پەرلەمانتارانی پێشووی وای کرد کە پارتی بگەڕێتەوە و ئێستاش لە حاڵەتی گەڕاندنەوەی بارەگاکانی خۆیەتی و هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە متمانەی خەڵک بە دەست بهێنێ و پەرلەمانتارەکانی یەک دەخات بۆ ئەوەی ئەو ناحەقییەی دەرحەق بە خەڵکی ئەو شارە کراوە کۆتایی پێ بێ.

سەرباری ئەوەی پێشمەرگە هێشتا نەگەڕاوەتەوە کەرکووک، پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری داوە بۆ هەڵبژاردن بگەڕێتەوە ئەو شارە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە هەڵبژاردنی خولی پێشوو کە ساڵی 2018 کرا، پارتی بایکۆتی هەڵبژاردنی لە کەرکووک کرد. شاخەوان عەبدوڵڵا لەبارەی پرسی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ کەرکووک بە کوردپرێسی گوت: پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە ڕێککەوتنی لە سەر کراوە و لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراقدا ئەو ڕێککەوتنە هەیە وئەوان گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە ئەو ناوچە بە تەنیا ناتوانرێ بپارێزرێ و پێشمەرگەش قورسایی و شارەزایی تەواوی خۆی هەیە بۆیە بڕیار دراوە هەر دوو لایەن واتا پێشمەرگە و سوپای عێراق هەماهەنگ بن بۆ ئەوەی بەشی ڕۆژئاوا و باشووری ئەو شارە بە هەماهەنگی بپارێزن و چیتر جووڵەی تیرۆریستان لەو شارە کۆتاییی پێبێت.

شاخەوان عەبدوڵا لەبارەی مادەی 140ی دەستووری عێراق و پلانی پارتی بۆ چارەسەری کێشەی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان بە کوردپرێسی گوت: مادەی 140 بە هەر سێ بڕگەکەیەوە، قۆناغی یەکەمی گەڕانەوەی ئاوارەکان و زەوییەکانە کە کارمان لە سەری کردووە و ئێستاش لە دانوستانی نێوان پێکهاتەکان هەر خەریکی ئەو بابەتەین و بەردەوامین لە سەر ئەوەی هەموو خاڵەکانی مادەی 140 جێبەجێ بکرێت.

کاندیدەکەی پارتی لە کەرکووک لەبارەی کاریگەریی هەڵبژاردن بە سیستەمی بازنەیی و چانسی پارتی بۆ دەرچوونی دوو بەربژێرەکەی لەم خولەی هەڵبژاردن بە کوردپرێسی گوت: ئێمە تەوەقوعمان وایە کە پارتی هەردوو کاندیدەکەی دەربچێت و خوێندنەوەشمان بۆ ئەو بابەتە پێشوازی کردنی خەڵکە. خەڵکانێک هەبوون بە 6 پەرلەمانتاریش نەیانتوانی کێشەی ئەو خەڵکە چارەسەر بکەن بۆیە خەڵکی متمانەیان زیاتر بە پارتییە کە بتوانێت لە خزمەتگوزاری و ئاسایش و سەقامگیریی کەرکووک گۆڕانکاری لە ساحەی سیاسی لە ئاستی کەرکووک و لە سەر ئاستی عێراقیش دروست بکات.

شاخەوان عەبدوڵڵا لە کۆتاییدا زیادیشی کرد: "چاوەڕێین بزانین ئەنجامەکان چۆن دەبێ بەڵام بە گشتی ئەم فرەبازنەییە خراپە و بە زەرەری کوردە.ئێمە لەگەڵ تاک بازنەیی بووین و ئەگەر نەکرا لە سەر ئاستی 18 بازنەیی بووین. ئەمە بچووک کردنەوەی پەرلەمانیشە بۆ سەر ئاستی گەڕەکەکان. بۆیە سیستەمێکی خراپە بەڵام پارتی لە هیچ پڕۆسەیێک ڕای نەکردووە بەڵکوو خۆی بۆ ئامادە کردووە و بەشداریش دەبێت لە هەموو پڕۆسەیێک."

 

*سازدانی دیمانە: مەنسوور ڕەحیمی