یەکێتیی نیشتمانی دوورە لەو فەلسەفەیەی کە بونیاتنەرەکەی نەخشاندی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی ڕەخنە لە دۆخی ئێستای حزبەکەی دەگرێت و جەخت دەکاتەوە کە یەکێتیی نیشتمانی دوورە لەو فەلسەفەیەی کە بونیاتنەرەکەی نەخشاندی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی لە نامەیێکدا ڕەخنەی وند لە دۆخی ئێستای حزبەکەی دەگرێت.

مەلا بەختیار لە نامەیێکدا کە ئاراستەی جەلا تاڵەبانی سەرۆکی کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانی دەکات رایگەیاند: " نامەوێ‌ روحت ئازار بدەم. بەڵام ناشتوانم بیشارمەوە کە یەکێتیەکەی جەنابت، دوورە لەو فەلسەفەیەی نەخشاندوتە، دڵنیابە، ئەگەر بەزوترین کات، پاک نەکرێتەوە لە پیلانگێڕان، لە هەلپەرستان، لە دز و درۆزنەکان، لە پلەو پایە خوازان، لەخۆفرۆشان بەم و بەو دەوڵەت، بەدڵنیاییەوە، یەکێتی دوا ساڵانی سیاسەت بەسەر دەبات

مەلا بەختیار، لە پەیامێکدا بۆ چوارەم ساڵیادی مام جەلال تاڵەبانی، دەڵێت، "نامەوێ‌ روحت ئازار بدەم. بەڵام ناشتوانم بیشارمەوە کە یەکێتیەکەی جەنابت، دوورە لەو فەلسەفەیەی نەخشاندوتە، دڵنیابە، ئەگەر بەزوترین کات، پاک نەکرێتەوە لە پیلانگێڕان، لە هەلپەرستان، لە دز و درۆزنەکان، لە پلەو پایە خوازان، لەخۆفرۆشان بەم و بەو دەوڵەت، بەدڵنیاییەوە، یەکێتی دوا ساڵانی سیاسەت بەسەر دەبات!"

دەقی پەیامەکە

یادی دوا کۆچی مام جەلال و مام ناسی

ئەمڕۆ چوارەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالە. کۆچێک، تەنها سەرۆکێکی لـێ‌ نەسەندین. بەڵکو لە دوای خۆی لە رێبازەکەی و شکۆمەندیەکەی و دەرونە فراوانەکەشی بێبەشی کردین.

هەرگیز ئەو چرکە ساتەم بیرناچێتەوە کە یەکەمین جار لە (20/7/1977) لە گوندی (ماسی رۆ)ی هەکاری پێشوازیم لێکرد. نە لەشکری لەگەڵ بوو، نە تاقە چەکێکی قورس. تەنها خۆی و گۆچانەکەی و کێوێک لە ورەی بەرزی هێنابوەوە.

لەم پەخشان ئامێزەدا نامەوێ‌ لاپەڕەکانی مێژووی ئەم کەڵە رابەرە هەڵبدەمەوە، تەنها دەمەوێ‌ بڵێم: مام ناسی لە ناو یەکێتیدا، وەکو فەلسەفەی سیاسی و تاکتیکی سیاسی و دوربینی سیاسی کەمن. کەمن ئەوانەی هاوخەباتی رۆژگاری سەختی مام جەلال بون و دەزانن ئەم رابەرە، لە کاتی تەنگانەدا، لەکاتی شەڕدا، لەکاتی نەبونی و برسێتیدا، لەکاتی گیرفان بەتاڵی و خواردنی بژی و مەمریدا، لە هەورازی سەخت و لێژگەی هەزار بەهەزاردا. لە کڕێوەی زستان و قرچەی هاویندا.. لە سەرکەوتن و شکستدا، لە گریان و پێکەنیندا، لە هەڵچون و ئارامیدا، لە دانوستان و ئازایەتی بێوێنە بەرامبەر سەدام و کۆماری ئیسلامی و تورکیاو لایەنە سیاسیەکاندا.. لەکاتی بۆردومان و فڕکان فڕکانی فڕۆکەدا.. بەڵێ‌ کەمن ئەوانەی مام جەلال ناس بن.

مام جەلال ناسی، بەلاف لێدان نییە. بە بەرزکردنەوەی وێنەکانی و فرمێسکی هەلپەرستی هەڵڕشتن نییە. بەدەست بەسەرداگرتنی پێگەو پایەکەیشی نییە. مام جەلال ناسی، قوڵبونەوەیە لە فەلسەفەی سیاسی و تێگەیشتن لە چۆنیەتی باوەڕبون بە ئازادی و دیموکراسی. لە دەربەست بوونە بە رەنجدەران. لە ناسینی مام جەلال، لەکاتی ململانێکان و بیرە جیاوازەکان.. لە گەرمەی، رەخنەگرتن و بەرپەرچدانەوەی بۆچونەکاندا. لەقبوڵنەکردنی خودی مام جەلالیشدا.

ئەوانەی هاتونەتە سەر حازری.. یان ئەوانەی پێشمەرگە و کادری ماندووی شاخ بون و لەدوای راپەڕینیش دووربون لە وردەکاری سیاسەتی مام جەلال، ناکرێ‌ میراتگری فەلسەفەی مام جەلال بن. بەڵکو ناشتوانن حیزبەکەی مام جەلالیش بپارێزن. چونکە ئاستی تێگەیشتنی ستراتیژییان و شارەزاییان لە فەلسفەو فەلسەفەی سیاسی و فەلسەفەی رەخنەی سیاسی، نزمترە لە تێگەیشتنەکانی مام جەلال.

ئەمانە سەکۆی ئازادی دروستکراوی مام جەلال لە پارکی ئازادیدا دەبینن، بەڵام شانازیش دەکەن لەسەر رەخنە خەڵک سزا بدەن. چونکە باڵای زۆربەیان کورتترە لە کێلی بەرزی مامی رابەر!!

مام!

نامەوێ‌ روحت ئازار بدەم. بەڵام ناشتوانم بیشارمەوە کە یەکێتیەکەی جەنابت، دوورە لەو فەلسەفەیەی نەخشاندوتە، دڵنیابە، ئەگەر بەزوترین کات، پاک نەکرێتەوە لە پیلانگێڕان، لە هەلپەرستان، لە دز و درۆزنەکان، لە پلەو پایە خوازان، لەخۆفرۆشان بەم و بەو دەوڵەت، بەدڵنیاییەوە، یەکێتی دوا ساڵانی سیاسەت بەسەر دەبات!

مام!

بنوو.. ئاسودە بنوو.. جەنابت هەتا چویتە مەزاری رۆح شادی، درێغیت نەکرد.. شانازیەکانت زۆرترن لە کەموکوڕیەکانت.

بنوو.. ئاسودە بنوو.. مێژوو تۆماری کردووە، چ جوامێرێک و چ شۆڕشگێڕێک و چ دیموکراتخوازێک بووی.. ئەوانە تاوانبارن کە ئەو مێژووە دەزانن و بەپێڵاوی ئاسنین، پێشێلی دەکەن.

بنوو.. تاڵەبانی.. رابەری نەمر.. بنوو.. رۆژگار رۆژی بەدواوەیە.. پیلانگێڕی ریسوایی دێنێ‌.. هەلپەرستی شەرمەزاری بەرهەمدێنێ‌.. مشەخۆری سەرشۆڕی هەتا هەتایی دەکاتە مۆری رەشی ناوچاوانی.. ئەوانەی لایان داوە لە رێبازی مام جەلال و لە دیموکراسی و لە رەخنەی ئازاد.

News Code 3599

Your Comment

You are replying to: .
captcha