کێشەکانی نێو یەکێتی وەک خۆی ماوەتەوە/ هاوپەیمانێتییەکەی یەکێتی بە ڕووکەش دەڕوات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شادمان مەلا حەسەن لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس دەڵێت کێشەکانی نێو یەکێتی وەک خۆی ماوەتەوە و تەنانەت گرژیی زیاتریشی بە خۆوە بینیوە و کاری کردۆتە سەر هەڵبژاردنیش بۆیە هاوپەیمانیی کوردستا بە ڕووکەش دەڕوات و میتینگەکانی هاوپەیمانیی کوردستان هەژارە.

کوردپرێس:

شادمان مەلا حەسەن ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی دوایین وەزعی یەکێتی لە هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق بە کوردپرێسی گوت: یەکێتی کێشەیێکی گەورە و زۆر قووڵی لە ناو خودی خۆی هەیە و کێشەکانیش وەک خۆی ماوەتەوە و پێشکەوتنی بە خۆیەوە نەبینیوە و تەنانەت گرژیی زیاتریشی بە خۆیەوە بینیوە و پێم وایە ئەمە دەڕوات هەتا هەڵبژاردن. هەڵبژاردن سەنگی مەحەکە و بابەتەکە یەکلا دەکاتەوە. ئەم کێشەیە چووەتە ناو پاشخانە جەماوەرییەکەی و ڕۆژانە کادیرەکان کە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە دەبنەوە بە تەئکید ئەمەش کاریگەریی خۆ دەبێت لەسەر جەماوەر و دەنگدەری یەکێتی چوونکە تا ئەم کاتەش پەیامی یەکگیر و خیتابێکی سیاسیی موەحەد و تەواو نیە بۆ جەماوەری یەکێتی و ئەوەش بە دڵنیاییەوە کاریگەریی زۆر خراپی دەبێت لە سەر دەنگەکانی یەکێتی.

شادمان مەلا حەسەن لەبارەی هاوپەیمانێتیی نێوان یەکێتی و گۆڕانیش دەڵێت هاوپەیمانێتییەکە بە ڕووکەش دەڕوات و لە میتینگەکان جەماوەرێکی زۆر کۆ نابێتەوە و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە دۆخی ناوخۆی یەکێتی کاریگەریی لە سەر کردووە و گۆڕانیش لە ڕابردوودا پاشەکشەی ئێجگار زۆری کردووە بۆیە ئەو سقل و قورساییەی جارانی نەماوە کە لە سەردەمی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا دەکرا بۆیە گەر سەیری میتینگەکان بکەیت زۆر هەژار و کەم جەماوەرە.

ناوبراو پلانی یەکێتی بۆ کەرکووک ئەوەیە کە کورسییەکانی خۆی بەدەست بهێنێتەوە بەڵام ئەویش قورسە.

هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق بە سیستەمی بازنەیی بەڕێوە دەچێت و جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر. شادمان مەلا حەسەن لەباەری جیاوازیی ئەو هەڵبژاردنەوە بە کوردپرێسی گوت: هەڵبژاردنی ئەم جارە بازنەییە و قورسە چوونکە هەڵبژاردن جاران ڕێژەیی بوو و هەموو حیزبێک دەنگی خۆی دەخستە ناو یەک سەللە بەڵام ئەگەر ئێستا حیزبێک لە بازنەیێک دوو کاندید یان سێ کاندیدی هەبێ زۆر قورسە کە دەنگەکانی بە شێوەیێک دابەش بکات کە هەر سێ کاندیدی حیزبەکە دەربچێت. ئەگەر حیزبێک تاکە کاندیدی لە بازنەیێک هەبێ بۆ ئەو حیزبە باشە بەڵام گەر کاندیدێک زیاتری بێ قورس دەبێت. دیارە نەقشە سیاسییەکەی ئەم جارە جیاواز دەبێت و لەوانەیە کەسانی سەربەخۆش لە سەرتاسەری عێراق و لە هەرێمی کوردستانیش دەنگ بهێنن.

سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کوردپرێسی گوت: لەوەتەی حکوومەتی نوێی عێراق لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس دامەزراوە تەنها شەش مانگێک لە قۆناغی ڕاگوزەریدا عەرەبێکی سونە بە ناوی غازی عەزیزی سەرۆککۆمار بووە. جگە لەوە سەرۆککۆمار هەمیشە کورد بووە و تا ئێستا سێ کورد تا ئێستا سەرۆککۆماری عێراق بوون. مام جەلال و دوکتۆر فواد مەعسووم و بەرهەم ساڵح کە هەر سێکیان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوونە. بەڵام ئەوەی دەبینرێت و دەوترێت لە سۆسەی دانیشتوون خەڵکی تر چاوی لەو پۆستەیە بەتایبەتی پارتی و هەروەها سونەکانیش. ئەگەر لە حاڵەتێکدا ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی کەم بێت لەوانەیە ئەم پۆستە لە دەست یەکێتی نەمێنێت.

*سازدانی دیمانە: مەنسوور ڕەحیمی

News Code 3613

Your Comment

You are replying to: .
captcha