ئەردۆغان درۆزنە؛ پرسی کورد لە تورکیا جدییە

بەشی تورکیا- سەرۆکی گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK) دەڵێت: دەبێت ئەم پرسیارە لە ئەردۆغان بکرێت کە ئەگەر پرسێک بەناوی رسی کورد لە تورکیا بوونی نییە بۆچی سەد ساڵە هەزاران کەس لە خەڵکی کورد دەکوژرێن و چل ساڵە شەڕ لە کوردستان بەردەوامە؟!

«حکمەت سەربلند» سەرۆکی گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە وتەکانی ئەردۆغان کە وتبووی پرسێک بەناوی پرسی کورد لە تورکیا بوونی نییە؛ وتی: پاش ئەوەی کە سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەل لە لێدوانێکدا وتبووی کە پرسی کوردمان لە تورکیا هەیە، ئەردۆغان ڕایگەیاند شتی وا لە تورکیا نییە. لە لایەکەوە ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان لە قەیرانێکی قووڵی شەرعییەتی سیاسیدان و لەلایەکی دیکەوە دیکەی حزبەکان بۆ ئەوەی بگەنە دەسەڵات قۆستنەوە لە ناو دەنگی کورد دەکەن.

ناوبراو زیادی کرد: لەسەردەمی کۆماری تورکیاوە تاکوو ئەمڕۆ پرسی کورد لە تورکیا بوونی هەبووە و تورکیا لە هەر ئامێرێک کەڵکی وەرگرتووە بۆ سەرکوت کردنی. کوردیش بۆ مافی خۆی شەڕی کردووە و خەساری گیانی و دارایی زۆری بەرکەوتووە.

ناوبراو وتیشی: تورکیا تاکوو ئەمڕۆ بۆچارەسر کردنی پرسی کورد هیچ هەنگاوێکی هەڵنەگرتووە و چارەسەر کردنی ئەم پرسەش بە هەڕەشە بۆ سەر خۆی لەقەڵەم دەدات. ئەردۆغان ساڵی 2005 کاتێک سەردانی دیاربەکر-ی کرد وتی: پرسی کورد پرسی منە و چارەسەری دەکەم. ساڵانێکە ئەردۆغان لەم سیاسەتە بۆ فریودانی دەنگدەرانی کورد کەڵک وردەگرێت و هیچ کاتێک هەوڵ بۆ چارەسەر کردنی نادات.

ناوبراو جەختی کردەوە: لە ساڵی 2005ەوە تا 2013 هەنگاوێک هەڵگیرا و لە ساڵی 2009 لە ئیسلۆ لەنێوان پەکەکە و میتی تورکیا دانوستان بۆ پڕۆسەی ئاشتی ئەنجام درا بەڵام لە کۆتاییدا دیتمان لە ساڵی 2016دا دانوستانەکان شکستی هێنا و شەڕ دەستی پێکردەوە.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: هاوپەیمانێتیی حزبی نەتەوە خوازی تورکیا و داد و گەشەپێدان ڕوویان کردۆتە ڕەگەزپەرستی و سڕینەوە دیتران و ڕایدەگەیەنن پرسێک بە ناوی پرسی کورد لە تورکیا بوونی نییە و کەڵک لە هەر ئامێرێک وەردەگرن بۆ سەرکوت کردن.

سەرۆکی گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK) وتیشی: دەبێت ئەم پرسیارە لە ئەردۆغان بکرێت کە ئەگەر پرسێک بەناوی رسی کورد لە تورکیا بوونی نییە بۆچی سەد ساڵە هەزاران کەس لە خەڵکی کورد دەکوژرێن و چل ساڵە شەڕ لە کوردستان بەردەوامە؟!

حکمەت سەربلند زیادی کرد: سەدان گوند و شاری کورد وێران کراوە و ئەمڕۆش ئەو شارەوانییانەی کە لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە بوونەتە نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلان بە زۆر دەرکراون و قەیوومیان بۆ دانراوە و نوێنەرانی ئەم حزبە لە زینداندان و یان لە دیاسپۆرا ژیان بەسەر دەبەن.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: ئەمانە هەمووی نیشاندەری ئەوەیە کە پرسی کورد بوونی هەیە و هەڵمەتەکانی تورکیا لە سووریا و عێراق دەیسەڵمێنن کە پرسی کورد جدییە و تورکیا دەست بۆ هەر ئامێرێک دەبات بۆ لەناوبردن و سەرکەوت کردنی.

حکمەت سەربلند ڕاشیگەیاند: بیست و پێنج تا سی ملیۆن کورد ژیان بەسەردەبەن و کاتێک زمانەکەیان قەدەغە بکرێت و وانەی پێنەوترێت مافی سەرەکییان پێشێل بکرێت و نوێنەرەکانیان لە زیندان بن ئەمانە هەمووی نیشانی دەدەن کە پرسی کورد جیدییە و ئەردۆغان درۆزنێکی تەواوە.

سەرۆکی گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK) لە ساڵی 2016ەوە ئەردۆغان و حزبی نەتەوەخواز و لایەنی ئەگنکۆن یەکیان گرتووە و هەموو ئامێرێکیان بەکار هێناوە بۆ زەبر لێدان لە کورد بەڵام چیدی ناتوانن ئەم سیاسەتە بەرنە پێش و کورد ئەگەر وشیار بن دەتوانن بە ڕێککەوتنێی ستراتێژیک یەکێتیی نەتەوەیی لە کوردستانی تورکیا ڕکبخەن و لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن هاوپەیمانی پێک بێنن تا کوو پارتی داد و گەشەپێدان دەسەڵات لەدەست بدات.

حکمەت سەربلند لە کۆتاییدا وتی: دروستە کە پارتی داد و گەشەپێدان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە کوردستان کەمتر دەبێت و شەرعییەتی خۆی لەدەست دەدات. کوردیش چیدی وەکوو ڕابردوو نییە و فریو ناخۆن. پری کورد تنیا پرسی ئابووری نییە بەڵک پرسی بوون و شۆناس و ئازادییە و تاکوو چارسەر نەبێت هی شتێک لە تورکیا ناگۆڕدرێت.

News Code 3617

Your Comment

You are replying to: .
captcha