سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق: شاندی هەرێم هێشتا نەگەڕاونەتەوە و گفتوگۆکان بەردەوامن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕەتی کردەوە کە شاندی دانوستانکاری هەرێم گەڕابێتەوە و دەشڵێت دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا لە ڕێگای شاندەکەوە بەردەوامە و بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکاندا هەیە.

کوردپرێس:

ڕۆژی پێنجشه‌ممه 17ی کانوونی یەکەمی 2020‌ سەرجەم میدیا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند شاندەکەی هەرێمی کوردستان کە بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم سەردانی بەغدای کردبوو بەبێ ڕێککەوتن گەڕاونەتەوە هەولێر.

ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی راگەیاند: “تا ئێستا شاندەكەی هەرێم هەر لە بەغدا ماونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان وەك ئەوەی لە هەندێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن وا بڵاو كراوەتەوە، بۆیە ئەو شاندەی هەرێم لە بەغدا دەمێننەوە تا ئەو كاتەی لەگەڵ بەغدا دەگەنە رێككەوتن و چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان هه‌ردوولا”.

له‌باره‌ى نوێترین به‌ره‌وپێشچوونى گفتوگۆكانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ڤیان سەبری، وتیشى: “هاتنی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ پەرلەمان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆن و لیژنەی یاسایی و دارایی هەنگاوێكی زۆر گرنگ و پێویست بوو، هەر ئەمە وایكردووە كە بەرەو پێشچوونی باش لە گفتوگۆكانی نێوان هەردوولا بێتەئاراوە، بۆیە گەشبینین بەوەی كە دەبێت هەر لە كۆتایدا هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق بگەنە رێككەوتن”.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو: “ئەمڕۆش شاندەكە درێژەیان بە كۆبوونەوەكانیاندا، لەگەڵ سەرۆككۆمار كۆ بوونەتەوە و هاوكات لە رۆژانی داهاتووشدا بەهەمان شێوە گفتوگۆكان درێژەیان دەبێت بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە رێككەوتنی كۆتایی”.

News Code 362

Your Comment

You are replying to: .
captcha