سەردانەكەی كازمی بۆ توركیا كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەرێم دەبێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات بەهۆی ئەوەی تاكەڕێڕەوەی بازرگانی نێوان عێراق و توركیا لە هەرێمی كوردستانەوە تێدەپەرێت بۆیە هەر ڕێككەوتنێكی بازرگانی لە نێوان توركیا و هەرێم واژۆ بكرێت كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستانیش دەبێت، پێشبینیش دەكرێت ساڵی داهاتوو قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانی نێوان عێراق و توركیا بگاتە 20 ملیار دۆلار.

کوردپرێس:

ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: سەردانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ توركیا گرنگی خۆی هەیە چ بۆ لایەنی عێراقی هەروەها بۆ لایەنی هەرێمی كوردستانیش چ لەڕووی بازرگانی یاخود بواری ئەمنییەوە بێت بەو پێیەی كە توركیا وڵاتێكی دراوسێیە و هەبوونی پەیوەندییەكی باش لە نێوان توركیا و عێراق لەبەرژەوەندی هەردولادایە بە هەرێمی كوردستانیشەوە.

ئاماژەی بەوەش كرد: بەهۆی ئەوەی عێراق و توركیا پەیوەندییە بازرگانییەكانیان لەڕێگەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە ئەمە كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لە ئەنجامدانی هەر ڕێككەوتنێكی بازرگانی لە نێوان توركیا و عێراق، چونكە دواجار لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستانیش دەشكێتەوە، هاوكات بە وتەی وەزیری دەرەوەی عێراق كە وابڕیارە ساڵی داهاتوو قەبارەی بازرگانی نێوان توركیا و عێراق بگاتە 20 ملیار دۆلار، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كە بابەتی ئەمنی لە نێوان هەرێم و عێراق و توركیا بابەتێكی گرنگە و بە دڵنیاییەوە لە سەردانەكەی سەرۆكوەزیران باسی لێوەدەكرێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو: ئامادەبوونی ( فوئاد حسێن) وەزیری دەرەوەی عێراق وەك كوردێك لە كۆبوونەوەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی توركیا هێندەی دیكە گرنگی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت و هەوڵدەدرێت بڕیارێك نەدرێت كە لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان نەبێت، بۆیە لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەنجامدانی سەردانی لەو شێوەیە هیچ زیانێكی بۆ هەرێم نابێت.

دوێنێ‌ ( فوئاد سێن) وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاوتا توركییەی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، سەرەڕای گرتنەبەری رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان بەغدا و ئەنقەرە لە ساڵی 2019 نزیكەی 15.8 ملیار دۆلار بووە و لە سەرەتای ئەمساڵیش تاوەكو ئێستا گەیشتووەتە 16 ملیار؛ دەكرێت لە ساڵی داهاتووشدا بۆ نزیكەی 17 ملیار دۆلار بەرزبێتەوە.

News Code 363

Your Comment

You are replying to: .
captcha