کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی کاریگەر بوون لە دابەزینی ڕێژەی کورسییەکان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕەوەند مەلا مەحموود جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە سێ هۆکاری دابەزینی ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی کرد و دەڵێت کێشە ناوخۆییەکانی حیزب یەک لە هۆکارەکان بووە.

کوردپرێس:

یەکێتی سەرباری هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ گۆڕان بەراورد بە خولە پێشووەکانی هەڵبژاردنەکان، ژمارەی کورسییەکانی دابەزی و ئەوەش لای هەندێک چاودێر وەک شکستی یەکێتی ناوەزد دەکرێت. ڕەوەند مەلا مەحموود ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی گوت: "ئەم ئوسلووبەی ئینتیخاباتی ئەم جارە ئوسلووبێکی جیاواز بوو و یەکێتی لەم خولەدا لێکتێگەیشتنی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان هەبوو و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش هاوپەیمانێتیی هەبوو بەڵام ئێمە خۆمان وەکوو یەکێتی لە ناو خۆمان کێشەمان هەبوو بەڵام لە هەمان کاتدا بەشی زۆری کاندیدە سەربەخۆکان یان کاندیدەکانی دیکە لە خەرمانی دەنگی یەکێتییان بردووە. چوونکە بۆ نموونە لە ناوچەی سۆران خەڵکەکە لە پێشدا یەکێتی بووە و ئەگەر کەسێک وەکوو کاندیدێکی سەربەخۆ خۆی کاندید بکات کەسوکارەکەی و دەنگدەرەکانی هەر یەکێتین. بۆیە یەک لە سەبەبەکانی دابەزینی دەنگەکانی یەکێتی ئەوەیە. سەبەبێکی دیکەش کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی بووە و حاڵەتی سێهەم حاڵەتی قۆرخکارییە. لە هەولێر بە ناڕەوا و بە ساختە قۆرخکاری ئەکرێت و بە ساختە دەنگ ئەخرایە سندووقەکانەوە. ئەم سێ بابەتە سێ هۆکاری دابەزینی دەنگەکانی یەکێتین.

پارتی لەم خولەی هەڵبژاردندا لە کەرکووک دوو کورسیی مسۆگەر کرد و یەکێتی لەو شارە خاوەن پێگەی نەریتییە و چاوەڕوان دەکرا دەنگ و کورسیی زیاتر بەدەست بهێنێت. جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی گوت: "بەداخەوە کورد لە کەرکووک دەنگی زۆری لێ فەوتا. نزیکەی 25 هەزار دەنگی کورد درا بەو کاندیدە کوردانەی سەربەخۆ یان کاندیدەکانی تر کە دەرنەچوون. ئێمە زۆر هەوڵمان دا و قسەمان لەگەڵ ئەو کاندیدانە کرد و نەسیحەتمان کردن کە خۆیان کاندید نەکەن بەڵام بە قسەیان نەکردین. بێگومان ئەگەر ئەو ڕێژە زۆرەی دەنگی کورد نەفەوتابا ئێمە لە کەرکووک کورسیی زیاترمان دەهنێا. پارتی لە بازنەی یەک تەنها یەک کاندیدی هەبوو و دیارە هەر بە دەنگی کادیر و دەنگە تایبەتەکان ئەو کاندیدە دەردەچێت کاندیدی دووهەمیشی لە بازنەی دووی خاتوونێک بوو لە کاکەییەکان و دەنگی کۆتای هێنا و پیرۆزباییان لێدەکەم."

پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بە پێی ڕێککەوتنی لایەنە عێراقییەکان پشکی کوردە و لە ناو کوردیش تا ئەم کاتە هەر یەکێتی بردوویەتی بەڵام لە خولی پێشوودا پارتی کاندیدی بۆ ئەو پۆستە هەبوو و لەم خولەشدا پێ دەچێت چاوی لە سەر ئەو پۆستە بێت ڕەوەند لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقەوە بە کوردپرێسی گوت:پۆستی سەرۆککۆمار ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و پشکی کوردە و لە نێو کوردیش ئیستحقاقی یەکێتییە. ڕاجیاوازی هەر هەیە و ئەوە نیە کورد لە سەر بابەتەکان یەک دەنگ بێت. ئێمە وەکوو یەکێتی بڕوامان بەوەیە کە پڕۆسەی دیموکراتی بڕواتە پێشەوە و لە هەمان کاتدا پۆستی سەرۆککۆمار ئیستحقاقی یەکێتییە و ئێمەش دەستبەرداری نابین. بەڵام تا ئەم دەقەیە لە هیچ کۆبوونەوەیێکی ڕەسمیدا باسی کەسایەتی و شەخس وەک کاندیدی سەرۆککۆمار نەکراوە.

*سازدانی دیمانە: مەنسوور ڕەحیمی

News Code 3654

Your Comment

You are replying to: .
captcha