فادی مەرعی سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی شەپێلا پێشارۆژا کوردستانی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی پەرلەمانیی لە عێراق و دۆخی حزبە کوردییەکان و وتی: ئەو هەڵبژاردنەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو نموونەیەکی سەرکەوتووانە لە دیموکراسی بوو و هەڵگری ئەم پەیامە بوو کەکوردەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە نەتەوایەتییەکانی خۆیان هانا بۆ ڕێگا دیموکراتیک و پێشکەوتووەکان دەبەن.
ناوبراو درێژەی دا: ئەم هەڵبژاردنە دوو پەیامی بڵاو کردەوە: یەکەم کەرکووک شارێکی کوردییە و بەو هەموو مەترسییە کە لەسەریەتی کوردەکان دەستی لێهەڵناگرن.
فادی مەرعی زیادی کرد: پەیامی دووهەمی ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە لەبارەی خەڵکی شەنگالەوە بوو و ئەو لایەنانە کە دەیانویست ڕێگە لە ئامادەبوونی پارتی لەم ناوچەیەدا بگرن بە سەرکەوتنی نوێنەرانی پارتی لەم ناوچەیەدا وەڵامی خۆیان وەرگرت و شەنگالییەکان نیشانیان دا کە خوازیاری گەشەسەندن و رکەوتنی هەرێمی کوردستانن.
سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی شەپێلا پێشارۆژا کوردستانی سووریا و ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) جەختی کردەوە: ئێمە هیوادارین نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق لە بەرژەوەندیی گەلی کورد هەوڵ بدەن و بکۆشن بۆ گەشەسەندنی زیاتری هەرێمی کوردستان.
Your Comment