پارتی ئەم جارە کەسێکی بەهێزتر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پڕۆفیسۆر شوان عوسمان مامۆستای زانکۆی سلێمانی لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی گوت پارتی ئەم جارە کەسێکی بەهێزتر بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کاندید دەکات و پێشوازییەکانی ئەم دواییەی ئێران و بەریتانیا لە نێچیرڤان بارزانی ئاماژەن بۆ ئەوەی ناوبراو کەسێکی مەقبوولە.

کوردپرێس:

پڕۆفیسۆر دوکتۆر شوان عوسمان مامۆستای زانکۆی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە چەند تەوەرێکی گرینگی پێشهاتە سیاسییەکانی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقیەوە گوتی: پارتی لەم خولەدا کاندیدی خۆی دەبێت وەک چۆن لە خولی پێشوودا کاندیدی هەبوو. کاندیدی پێشووی پارتی بێهێز بوو بەڵام ئەم جارە کاندیدێکی بەهێزتر بۆ ئەو پۆستە دادەنێن. پارتی وای فەرز دەکات کە جێگایێکی باشتر بۆ خۆی لە بەغدا دروست بکات. پێشتر بە بوونی کاک مەسعوود و خوالێخۆشبوو مام جەلال جۆرێک لە تەوازن و ڕێککەوتن هەبوو. ئێستا یەکێک لەو لایەنەکانی ئەو تەوازونە لە ساحەکە نەماوەو و دووهەمەکەشیان ڕاستەوخۆ لە سیاسەت کردنی ئۆرگانیک دوور کەوتۆتەوە. بۆیە بێگومان پارتی کاندیدی خۆی دەبێت بەڵام لە بەرامبەردا دەبێت پۆستێکی سیادی لە هەرێمی کوردستان وەکوو پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم یان سەرۆکایەتیی حکوومەت بۆ یەکێتی جێبهێڵێ. بەتایبەتی لەم خولەدا کە یەکێتی بە هاوپەیمانێتیی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن دابەزیوە. دەبێ پۆستێکی سیادی بۆ یەکێتی جێبهێڵێ.

بە بۆچوونی دکتۆر شوان عوسمان ئەو پێشوازییە گەورەیەی لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران لە سەرۆکی هەرێم کرا پەیامێکی بەهێزە بۆ لایەنی شیعی و سونی و کورد و داروبەردی عێراق کە ئەم پیاوە ئاماژەیێکە بۆ عێراق و دەڵێت ئەم پیاوە کەسایەتییێکی مەقبوول و بەهێزە لای ئێمە. سەردانەکەی بۆ بەریتانیا و پێشوازییەکەی بەریتانیاش هەڵگری هەمان پەیام بوو و ئاماژەیە بۆ ئەوەی نێچیرڤان بارزانی لە نێو پارتی لەبارترین کەس بێ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار.

پڕۆفیسۆر شوان عوسمان لەبارەی پێوەندیی کورد لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و پێگەی کورد لە هاوسەنگیی دەسەڵات لە عێراق بە کوردپرێسی گوت: ناوماڵی شیعە لە ئەمڕۆی عێراقدا تا ڕادەیێک پەرت بووە بە سەر دوو بەرەی سەرەکییەوە. بەشێکیان ڕەوتی سەدر و حیکمە و بەشێک لە تەیاری نەسرن. وا دەرئەکەوێت ئەم بەشە هەوڵیان داوە عومقی هەرێمایەتی بەجێ بهێڵن و پێوەندییان هەبێ لەگەڵ سیاسەتی ڕۆژئاوا. بەرەیێکی تریش دەوڵەتی قانون و بەدرن کە لەگەڵ مەوقیعە هەرێمییەکەدا هەن. ئەگەرچی هیچیان ناتوانن لە ژێر هەیمەنەی مەرجەعیەتی باڵای شیعە دەربچن بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە ئەو دووبەرەکییە بە زەقی لە نێوانیاندا دیارە. شیعە دۆستی کورد بوونە و کورد و شیعە مێژووی هاوبەشمان هەیە لە ڕووخاندنی ڕژێمی سەدامدا و حەز ناکەین ناوماڵی شیعە بەو شێوەیە بێ هەر وەکوو چۆن ماڵی کوردیش زۆر تۆکمە نیە. پێوەندیی کورد لەگەڵ هەردوو بەرە شیعەکە باشە. بەڵام دووبەرەکییەکەی شیعە کاریگەریی لە سەر کوردیش بووە. پارتی زیاتر لە ڕەوتی سەدر و حیکمە نزیکە و یەکێتی تا ئەندازەیێکی زۆر لە دەوڵەتی قانوون و ئەوانی تر نزیکە. من پێم وایە کورد مەوقیعە هەرێمییەکە وەربگرێ باشترە ئەمە مانای وا نیە کە پێوەندیی لەگەڵ دەرەوە و وڵاتانی ڕۆژئاوا ببڕێ بەڵام باشترە پێوەندییە ستراتیژییەکەی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی بێت. بەتایبەتی شیعەکان ڕاستەوخۆ کاریگەریی ئێرانیان لەسەرە. بۆیە کورد پێوەندیی لەگەڵ ئەم لایەنە زیاتر بێ باشترە لەوەی هەموو هێلکەکانی بخاتە سەبەتەی ئەمریکا و ڕۆژئاواوە.

هاوسەنگییەکە پێوەندیی بە لایەنی سونەشەوە هەیە. سونە مەرجەعێکی نیە کە کورد مامەڵەی لەگەڵ بکات و پەرتبوونی زۆریان پێوە دیارە. گەرچی حەلبووسی و ئەوانە هەن بەڵام ئەوانیش لە عومقکێی جەماوەریی قووڵەوە نەهاتوون. لەگەڵ ئەوەش وڵاتانی دراوسێ دەستیان خستۆتە ناویان و هەر یەکەیان پشتگیریی کەسایەتییێک دەکات. وڵاتانی کەنداو لە لایێک، ئوردون و میسر لەلایێک، سعوودیە لە لایێک تەداخول دەکەن. ئەوەش وای کردووە لایەنی سونە لە نێو خۆیشیدا بێ خاوەن بمێنێتەوە و بێ کوتلەیێکی گەورەی سیاسییش بمێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەش دوای هاتنی داعش بۆ مووسڵ و تکریت و ناوچە سونەنشینەکان نزیکەی دوو ملوێن و نیو عەرەبی سونە هاتنە کوردستان و ئێستاش ژمارەیێکی زۆریان ماونەتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەست ناکرێت تەقاروبێکی تۆکمە هەبێ لە نێو کورد و سونەدا. کورد لەبارەی سونەوە نازانێت قسە لەگەڵ کێ بکات و ئەوەش وا دەکات نەتیجەی پێشوەختەی لەبەردەست نەبێت بەڵام ئەوەی شیعە ڕوونترە و دەکرێت بڵێین مامەڵەکەی دیارترە کە چۆن تەعامولی لەگەڵ بکەیت.

دوکتور شوان عوسمان لەبارەی پێوەندیی وڵاتانی هەرێمی و بەتایبەت ئێران لەگەڵ ڕەوتە ئیسلامییە کوردییەکان بە کوردپرێسی گوت: وڵاتانی هەرێمی لە سەرەتای دروست بوونی ڕەوتی ئیسلامی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کاریگەریی ئیخوانییان بووە بەڵام لە دوای 1979وە کە شۆڕشی ئیسلامیی گەلانی ئێران کرا ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕۆڵی سووریاش لە ڕێگای ئێرانەوە لە یارمەتیدان و حەوانەوە و چارەسەرکردنی نەخۆشەکان ڕۆڵێکی کاریگەر بووە و کورد لە ڕێگای ئێرانەوە دەنگی خۆیان گەیاندۆتە مەحافلی نێودەوڵەتی. با زۆر دوور نەڕۆین لە کارەساتی هەڵەبجە گەر ئێران نەبوایە لەوانەیە کەس بەو کارەساتەشی نەزانیبایە و وەکوو کارەساتەکانی تری لێدەهات. وەکوو ئەنفال کە کارەساتی ئێجگار گەورەترە بەڵام کەمترین لێدوانیان لەسەر کراوە چوونکە ئێعلام حوزووری نەبووە و نەمانتوانیوە بیکەین بە جەریمەیێکی نێودەوڵەتی بەڵام هەڵەبجە ڕەنگدانەوەی گەورەی بووە. ئێمە ناتوانین ئەو فەزڵە گەورەیە لە بیر بکەین. ئەوە حەقیقەتێکی مێژووییە. سەرەڕای ئەوەی ئێران خۆیشی لە شەڕدا بووە لەگەڵ سەدام بەڵام هەر یارمەتیدەری کورد بووە.

*سازدانی دیمانە: مەنسوور ڕەحیمی

News Code 3678

Your Comment

You are replying to: .
captcha