پارتی دیموکراتی کوردستان تاوتوێی قۆناغی پاش هەڵبژاردنی کرد
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی له ‌شاری هه‌ولێر کۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ قۆناغی کۆتایی هاتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانیی لە عێراق ئه‌نجامدا.

کوردپرێس: به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی، به‌سه‌رپه‌رشتیی مه‌سعوود بارزانی، کۆبوونه‌وه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی ئه‌نجام درا، که‌ تایبه‌ت بوو به‌ قۆناغی کۆتایی هاتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌، له‌ سه‌ره‌تادا کۆبوونه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵکی کوردستان به‌ گشتی کرد، بۆ به‌شداری شارستانیانه‌یان له‌ پرۆسه‌که‌ که‌ به‌شێوه‌یه‌کی دیموکراسیانه‌ و ئاشتیانه‌ به‌ڕێوه‌چوو، ھاوکات به‌ چاوکراوه‌یی و رێزگرتن له‌ پارێزه‌رانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌‌ باڵاکانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، متمانه‌یان به‌خشیه‌ کاندید و لایه‌نه‌کان، پاڵپشتییان له‌و ئاڕاسته‌یه‌ کرد که‌ له‌ رابردوودا خه‌مخۆری به‌ده‌ست هێنانی مافه‌کانیان بووه‌.

هەروەها لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: له‌ ئێستا و له‌ ئاینده‌شدا ده‌ستکه‌وت و مافه‌کانیان ده‌پارێزێت، دیدوبۆچوونی واقعبینانه‌ی هه‌یه‌ بۆ حوکمڕانی عێراق له‌سه‌ر پرنسیپه‌کانی شه‌راکه‌ت و سازان و هاوسه‌نگی، هه‌روه‌ها له‌ به‌دیهێنانی ئامانجی‌ پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌کان و جێبه‌جێ کردنی ته‌واوی ده‌ستور و دابین کردنی ژیانێکی شایسته‌ له‌ڕووی ئیداری و ئابووری و ئه‌منییه‌وه‌، له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ پارتی هه‌نگاوه‌ پێویسته‌کانی داھاتووی بۆ هه‌ماهه‌نگی و لێکتێگه‌یشتن و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌کان دیراسه‌ ده‌کات، به‌شێوه‌یه‌ک که‌ له‌ خزمه‌تی هاوڵاتیانی عێراق به‌گشتی و کوردستان به‌تایبه‌تی دابێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، "کۆبوونه‌وه‌ سوپاسی دڵسۆزی و هه‌وڵه‌کانی ته‌واوی ئه‌ندامانی پارتی کرد، له‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و حکومه‌ت و په‌ڕله‌مان و، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و داموده‌زگا ئه‌منیه‌کان، که‌ به‌ ره‌چاوکردنی رێنماییه‌کانی کۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان، هاوکاری باشی سه‌رخستنی پرۆسه‌که‌ بون و دڵسۆزانه‌ کاریان بۆ سه‌رکه‌وتنی کاندیده‌کان کرد".

مه‌کته‌بی سیاسی پارتی له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا ئاشکراشی کردوه‌، "عێراق به‌ قۆناغێکی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت و پارتی بڕوای وایه‌ حوکمڕانی عێراقی فیدڕاڵ پێویستی به‌ رێکخستنه‌وه‌یه‌کی سه‌رده‌میانه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌ ئاست ویست و خواستی هه‌مو پێکهاته‌کانی دابێت، کێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌کان چاره‌سه‌ر بکات، چاره‌سه‌ری کێشه‌کانیش له‌ڕوانگه‌ی ده‌ستوره‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی سه‌قامگیری و ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌تایبه‌تیش جێبه‌جێ کردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستور و یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ته‌واوی کێشه‌ چاره‌سه‌رنه‌کراوه‌کانی نێوان حکومه‌تی فیدڕاڵ و حکوومه‌تی هه‌رێم، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش یه‌کڕیزی و ته‌بایی ناوخۆی کوردستان پێویسته‌، پێکه‌وه‌ کارکردن و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاکانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیمان و به‌دیهێنانی مافه‌ به‌دی نه‌هاتوه‌کان ئه‌رکی‌ هه‌مووانه‌".