تابلۆى ئۆتۆمبێلەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق یەکدەخرێن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژى هاتوچۆى هەرێم ڕایگەیاند، لەگەڵ حکوومەتى بەغدا گەیشتونەتە ڕێککەوتن لەسەر یەکخستنى تابلۆى ئۆتۆمبێل و دیزاین و شێوازى تابلۆکە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەڕێوەبەرى گشتى هاتوچۆى هەرێم،  بە ناس کوردیى ڕاگەیاندووە، "دوو دانیشتنمان کردووە لەگەڵ حکوومەتى عێراقى لەسەر یەکخستنى تابلۆى ئۆتۆمبێلى سەرجەم شارەکانى عێراق و هەرێم بەڵام تائێستا نە کەوتوەتە بوارى جێبەجێ کردنەوە".

ئاماژەى بەوەش کرد، دیزاینى تابلۆکە لەهى هەرێم بچووکترە و لە تابلۆى ئۆتۆمبێلەکانى شارەکانى عراق گەورەترە.

لیوا عەبدولقادر ئەوەشى خستەڕوو، زمانى نووسینى سەر تابلۆ نوێیەکە بە ئینگلیزى و عەرەبى دەبێت هەروەها ناوى شارەکان نانووسرێت بەڵکوو ناوى کورتکراوەى عێراق و هەرێمى لەسەر دەبێت.

پێشتر تارق ئیسماعیل بەڕێوەبەرى گشتى هاتوچۆى گشتى عێراق بە رۆژنامەى فەرمى عێراقى راگەیاند، لەگەڵ هەرێمى کوردستان سەرقاڵى هەماهەنگین بۆ یەکخستنى تابلۆى ئۆتۆمبێل بە زمانى ئینگلیزى هاوشێوەى وڵاتانى تر.

ناوبراو روونیشیکردەوە، تابلۆ نوێیەکان بەهەمان قەبارەى پێشوو، هەمان رەنگ دەبن، سپى بۆ تایبەت و سوور بۆ تەکسى، شین بۆ حکومى، سەوز بۆ سوپا، سەربارى کۆدى دیاریکراو بۆ هەر پارێزگایەک لەجیاتى ناوەکەى.

تارق ئیسماعیل باسى لەوەش کرد، لەگەڵ کۆمپانیایەکى جیهانى تایبەتمەند گرێبەست دەکەن بۆ دروست کردنى تابلۆکان لەبەغدا بەخێرایی و نەبوونى جیاوازى لە نرخى تابلۆکاندا.