تا ئێستا جێگرەوەی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دیاری نەکراوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی جڤاتی نشتیمانیی گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات تا ئیستا بەفەرمی هیچ کەسێک دەستنیشان نەکراوە و ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەی جڤاتی نشتیمانی بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە SNNی ڕاگەیاندووە: ئەوەی لە سۆسیال میدیا و هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بلاو دەکرێتەوە لە بارەی جێگرتنەوەی عومەری سەیدعەلی وەک ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە، چوونکە تا ئیستا بەفەرمی ناوی هیچ کەسێک بۆ سەرپەرشتی کردنی گۆڕان نەهێندراوە، بەڵام رێز لە هەموو کەسێک دەگرین کە خۆی بە خەمخۆری گۆڕان بزانێت لەو دەستەبژێرە بن کە لە توانایاندا هەیە گۆڕان بخەنەوە سەر ڕێڕەوە ڕاستەکەی خۆی.

نزار مەحموود ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی بەفەرمی بڕیاری لەبارەوە دراوە ئەوەیە کە بزووتنەوەی گۆڕان بەمنزیکانە لیژنەیەک بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان پێکبهێندرێت، بەشێوەیەک لەپرۆسەیەکی ئاسایی و گفتوگۆی نێوان ئۆرگانەکان بڕیار لەسەر ئەو لیژنەیە دەدرێت، هەرچەند وادەی پێکهێنانی لیژنەکە دیاری نەکراوە، بەڵام لە ماوەیەکی دیاریکراو دەبێت و نابێت بۆشایی دروست بکرێت هاوکات لە کۆبوونەوەی جڤاتی نشتیمانیش ئەو جۆرە بڕیارانە دەدرێن.

ئەو ئەندامەی جڤاتی نشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، بزووتنەوەکەمان لەسەر پرۆژەکەی خۆی بەردەوام دەبێت کە ئامانجمان خزمەت کردنی هاووڵاتیانە، هاوکات بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا خانەی ڕاپەڕاندن دەستیان لەکار کێشاوەتەوە بەڵام کارەکانی خانەی راپەڕاندن کۆتاییان نەهاتوە، بەڵکو تا پێکهێنانی دەستەیەکی نوێ بەردەوام دەبن و پاشان بەرپرسیارێتی گۆڕان بە دەستەیەکی نوێ و ڕێکخەرێکی نوێ‌ دەبەخشرێت.

گۆڕانکارییەکانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان دوای ئەوە دێت کە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، گۆڕان هیچ کورسیەکی بەدەست نەهێنا، ئەمەش نیگەرانی ئەندام و لایەنگرانی ئەو بزووتنەوەیەی لێکەوتەوە دواجاریش خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە.

News Code 3691

Your Comment

You are replying to: .
captcha