سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ قەتەر
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، ئێواره‌ى ڕۆژی شه‌ممه به‌ سه‌ردانێکى فه‌رمى گه‌يشته‌ ده‌وحه‌ى پايته‌ختى قه‌ته‌ر.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای پێشوازیکردن له‌لایه‌ن "جاسم بن سه‌يف ئه‌لسو‌له‌يتى"، وه‌زيرى گواستنه‌وه‌ و گه‌ياندنى قه‌ته‌رى و "عومه‌ر به‌رزنجى"، باڵيۆزى عێراقه‌وه‌ له‌ ده‌وحه‌، نێچيرڤان بارزانى، له ده‌وحه‌ى پايته‌خت له‌گه‌ڵ "شێخ محه‌مه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان ئال سانى"، جێگرى سه‌رۆک وه‌زيران و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر کۆ بووه‌وه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ په‌ره‌پێدان به‌ په‌يوه‌ندييه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر کرده‌وه‌ و باسيان له‌ ده‌رفه‌تى سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له‌ هه‌رێمى کوردستان و له‌وێشه‌وه‌ بۆ ته‌واوى عێراق کرد به‌تايبه‌تى له‌و بوارانه‌دا که‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان و عێراق پێويستن، هه‌روه‌ها هه‌نگاوه‌کانى کردنه‌وه‌ى کونسوڵخانه‌ى گشتيى قه‌ته‌ريان له‌ هه‌ولێر تاووتوێ کرد.

دۆخى عێراق و ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات، دوايين پێشهاته‌کانى ناوچه‌که به‌گشتى و چه‌ند پرسێکى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێکى ديکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌ بوون.

له‌ سه‌ردانه‌که‌يدا نێچيرڤان بارزانى ئەمڕۆ يه‌کشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ "شێخ ته‌ميم بن حه‌مه‌د ئال سانى"، ميرى قه‌ته‌ر و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانی دیکه‌ی قه‌ته‌رى کۆ ده‌بێته‌وه‌.