حزبە کوردییەکانی تورکیا لەدژی ئەردۆغان بوەستنەوە

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا دەڵێت: پێویستە حزبە کوردییەکانی تورکیا لەدژی هێرشە پاوانخوازانەکانی ئەردۆغان بۆسەر کوردستانی سووریا، بوەستنەوە.

کۆفان کەنعۆ سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە هەڕشە نێوکانی بەرپرسانی تورکیا دژی کوردستانی سووریا و وتی: ئەردۆغان و بەرپرسانی باڵای تورکیا بۆ ڕاکردن لە کێشە ناوخۆییەکان بەدوای بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی و ورووژاندنی هەستە نەتەوایەتییەکاندا و بەم شێوەیە بازاڕگەرمی بۆ خۆیان دەکەن.

ناوبراو درێژەی دا: ئەردۆغان بەتەمای ڕازی کردنی ئەمریکا و ڕووسیایە بۆ ئەوەی مۆڵەتێکی دیکەی بدەنێ تاکوو هێرش بکاتە سەر باکووری سووریا و لەم پێناوەشدا دەست بۆ هەر هەوڵێک دەبات، هەروەها کە ناوچە سنوورییەکانی تەل ڕەفعەت و عەین عیسا بۆردوومان دەکات.

کۆفان کەنعۆ زیادی کرد: ڕای گشتیی کوردەکان و هەروەها حزبە کوردییەکانی تورکیا پێویستە لەدژی پاوانخوازییەکانی ئەردۆغان بوەستنەوە و مۆڵەت نەدەن جارێکی تر ئەردۆغان هێرش بکاتە سەر کوردستانی سووریا.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا جەختی کردەوە: ئێمە هیوادارین وڵاتانی خاوەن نفووز بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا پشتگیری لە دانوستانی سووری-سووری بکەن و نەهێڵن تورکیا دۆخی ئێستای سووریا بقۆزێتەوە.

News Code 3707

Your Comment

You are replying to: .
captcha