تورکیا بێ وەستان ئاگربەستی ساڵی 2019 پێشێل دەکات
بەشی سووریا- ئەندامێکی حزبی سووریای ئایندە دەڵێت تورکیا بەڵێنەکانی خۆی هەمبەر ڕێککەوتننامەی ئاگربەستی ساڵی 2019 لەپەستا پێشێل دەکات.

بەرپرسێکی حزبی سووریای ئایندە بە کوردپرێسی ڕاگەیاندووە تورکیا پێبەندی بەڵێنەکانی خۆی نییە کە لەبارەی باکووری سووریا و ڕێێکەوتنی ئاگربەست بە ئامادەبوونی ڕووسیا و ئەمریکا واژۆی لەسەر کردووە.

ئیبراهیم قەفتان ئەندامی حزبی سووریای ئایندە دەڵێت: ئەو ڕێککەوتنانەی تورکیا واژۆی لەسەر کردووە بەتایبەت ئەو ڕێککەوتنە کە بە ئامادەبوونی لایەنی ڕووسی کرا ڕێگری دەکات لە هەڵمەتە پاوانخوازانەکانی تورکیا بەڵام ئەنقەرە هیچ کات پێبەندی نەبووە.

ناوبراو زیادی کرد: تورکیا دوژمنایەتیی ئاشکرای خۆی لەگەڵ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆتایی پێناهێنێت و بەردەوامە لە داگیر کردنی ناوچەی زیاتر.

ئیبراهیم قەفتان وەبیری هێنایەوە: سیاسەتوانانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەمیشە داوای گفتوگۆیان لەگەڵ هەموو لایەنە سوورییەکان کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە نەهامەتیی خەکی سووریا بەپێی ڕێککەوتنی 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان.