پارتی دیموکرات: پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، بەڵام هی لایەنێک نییە
وتەبێژی پارتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ وتەبێژی یەکێتی، ڕایگەیاند پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، بەڵام هی لایەنێک نییە و پێویستە بە ڕێککەوتن دابنرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ دووشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2021، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی لەگەڵ شاندێکی ئەو حزبە کۆبوونەوە.

لەدوای کۆبوونەوەکە، مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لەسەر ئەو پرسە تائێستا گفتوگۆمان نەکردووە، ڕاستە سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، بەڵام ناکرێت بوترێت کە پشکی لایەنێکە و بە قۆرخکاری ناکرێت لایەنێک بڵێت پشکی منە، بەڵکوو دەبێت ڕێککەوتن لەسەر ئەوە بکرێت".

هاوکات ئەمین بابەشێخ، وتەبیژی یەکێتی ڕایگەیاند، "سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، نەریتێک هەیە کە ئەو پۆستە پشکی یەکێتی بووە، پێموانییە ئەوە ببێتە کێشە لە نێوانمان".

ناوبراو وتیشی، " لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هیچ پۆستێک نەکراوە، بەڵکوو باس لە یەکڕیزی و کێشەکانی هەرێم و بەغدا کراوە، نەک پۆستەکان".